سه‌ته‌لایتی كوردستانTV: له‌ سلێمانی ته‌قه‌ له‌نوسینگه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌مان كرا و هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر تیمێكمان
AM:10:20:12/05/2018


میترۆ، ده‌نگی‌ ئه‌مریكا 
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوێكی سه‌ته‌لایتی كوردستان تیڤی، كاتژمێر 10:15 خوله‌كی شەوی ڕابردوو، لەلایەن چەند ماتۆڕسوارێكەوە تەقە لە نووسینگەی ده‌زگای سه‌ته‌لاینی كوردستان لە سلێمانی كراوه‌ به‌ ده‌مانچه‌ گوله‌یان به‌ ئاسماندا ته‌قاند.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی سه‌ته‌لایتی كوردستان TV دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌"ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت هه‌ر دوێنێ بەمەستی ڕوماڵ کردنی پیشه‌یی ده‌نگدانی تایبه‌ت لە بنکەی روناکی لە گەرەکی بەکرەجۆ لە سلێمانی تیمێکی کوردستان تیڤی کە پێک هاتبون لە هەریەکە لە شیلان فەرەج پەیامنێری دەزگای سەتەلایتی کوردستان و توانا حەمە قادر وێنەگری دەزگامان چونە بنکەی ناوبراو، بەڵام بەداخەوە لەلایەن هێزێکی ئەمنی كه‌ به‌شێكیان دەمامکداربوون، بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و ئەمنی پەلامار دران و ڕووبەڕووی لێدان و ئازاردان و سوکایەتی و جنێودان و تەشهیری زۆر بوونەوە و کامێرای کوردستان تیڤی و مۆبایلی پەیامنێرەکەشمان شکێنرا . "

هه‌ر له‌سه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر تیمی كه‌ناڵه‌كه‌، سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی كردن له‌مافی ڕۆژنامه‌نوسان له‌هه‌رێمی كوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌"دیسان رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرۆكی رۆژنامەنوسانی گرتەوە، بەپێی ئەو سكاڵایانەی كە پێمان گەیشتوون، هێرشەكان لە سلێمانی بەرامبەر بە خەندان‌ و كوردستان تیڤی بووه‌ ."

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ دیاری محه‌مه‌د بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ وتویه‌تی" داوامان وایە كە رواڵەتەكانی توندوتیژی نەبنە مۆركی ئەم پرۆسەیە و هێزە ئەمنییەكان رێز لە یاسا و پیشەی كاری رۆژنامەنوسی بگرن، جەختیكردەوەئەمانە پێشێلكاریی زەقی ئازادی رۆژنامەنوسین ‌و ئێمە ئیدانەی دەكەین ."