سەنتەری میترۆ: لە ماوەی رۆژانی هەڵبژاردن پێشێلکاری بەرامبەر ٣١ رۆژنامەنوس و کەناڵی راگەیەندران ئەنجامدراوە
AM:11:47:15/05/2018


میترۆ، سپی‌ میدیا 
سه‌نته‌ری‌ میترۆ رایگەیاند، له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت و گشتی هه‌ڵبژارددنی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چەندین  پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ژمارەیەک ڕۆژنامه‌نووس و كه‌ناڵی‌ ڕاگه‌یاندن ئه‌نجامدراوه‌.

بەگوێرەی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی‌ ڕۆژنامه‌نووسان، كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ (سپی) نێردراوه‌ و تیایدا هاتووه‌، لە ماوەی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ٤٥ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٣١ رۆژنامەنووس و کەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە.

بەپێی میترۆ، زۆترین پێشێلکارییەکان بەرابەر هه‌ریه‌كه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ (NRT و كوردستان تیڤی و خه‌ندان و دواڕۆژ و ته‌له‌فزیۆنی‌ سلێمانی‌ و كوردستان 24 و سایتی‌ سبه‌ی‌) ئەنجامدراوە.

ئەوەش هاتووە، له‌كاتی‌ چاودێریكردنی‌ پرۆسی هەڵبژاردن له‌ هه‌ندێك بنكه‌ی‌ ده‌نگدان، ڕێگری‌ كراوه‌ ڕۆژنامه‌نووسان ڕووماڵ بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه‌ بۆ ڕووماڵی‌ ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ستنیشانكراون".

لە ١٠ی ئایار و ١٢ی ئایاری ئەمساڵ، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.