میدیاکانی جیهان و هـەڵبژاردنەکانی عیراق
AM:09:09:16/05/2018
میترۆ، كوردستانی‌ نوێ‌ 
تەواوی میدیاکانی جیهان بەوپەڕی گرنگیەوە روماڵی هەڵبژاردنەکانی عیراقیان کرد، خاڵی گرنگیش بەلای هەموویانەوە ئەوەبوو، کە ئەم هەڵبژاردنە لەدوای نەمانی حوکمی چەتەکانی داعش لە عیراق دێت، هەروەها رێژەی کەمی بەشداربوونی دەنگدەرانیش، دەبێتە مایەی گرنگی میدیاکانی جیهان، لەلایەکی تریشەوە بەشداری هەرێمی کوردستانیش ، خاڵێکی ترە کە میدیاکانی جیهان باسیان لێوەکردووە.

جەنگی تایەفی زیاتر بووە
بیلال حەسەن لە رۆژنامەی دەستوری ئوردونی لە وتارێکدا دەڵێت: بەهۆی داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە دواتریش بونی حوکمی چەتەکانی داعش، هێندەی تر جەنگی تایەفی بەهێزترکرد، لەم هەڵبژاردنەشدا هێندەی تر توندڕەویی مەزهەبی زیاترکردووە، ترسی ئەوەش هەیە، کە خەڵکانی توندڕەوی مەزهەبی بچنە ناو پەرلەمانەوە، ئەمەش وادەکات، کەئەم وڵاتە هێندەی تر بەدەستی جەنگی تایەفی و مەزهەبییەوە بناڵێنێت و لێی رزگار نەبێت.

رۆڵی بازرگان و پیاوە دەوڵەمەندەکان
رۆژنامەی حەیاتی لەندەنیش، لە گۆشە نیگایەکی ترەوە سەیری هەڵبژاردنەکانی کردووە، « مشرق عباس « لە وتارێکیدا باسی رۆڵی بازرگان و دەوڵەمەندەکانی عیراق دەکات لەم هەڵبژاردەنە و دەڵێت: هەر لەئێستاوە سەفقەی ژێربەژێر لەنێوان پارتە گەورەکان و کۆمپانیا و بازرگان و دەوڵەمەندە گەورەکانی عیراق کراوە، تاوەکو لەبەرامبەر پشتگیریان بۆ ئەو پارتانە، دواتر ئەوانیش سەفقەی بازرگانی باشیان دەستبکەوێت.

دوای نەمانی داعشە
کەناڵی بی بی سی بەشی عەرەبی، رووماڵێکی گەورەی چ لەسەر سایت و تەلەڤزیۆن و رادیۆکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی عیراق کردوو لە هەموو هەواڵەکاندا راپۆرتێکی هەبووە، لەسەر سایتکەشی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنە لەدوای نەمانی حوکمی چەتەکانی داعش لەو وڵاتە. نزیکەی 24.5 ملیۆن هاوڵاتی عیراقی مافی دەنگدانیان هەیە تاوەکو 328 کەس بۆ پەرلەمانی عیراق هەڵبژێرن.

عەبادی دەیەوێت ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران
لە درێژەی راپۆرتەکەیدا، بی بی سی تیشك دەخاتە سەر خەونی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق و دەڵێت: لەم هەڵبژاردنەدا حەیدەر عەبادی خەونی ئەوەی هەیە کەجارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عیراق، بۆئەمەش پشت بەسەرکەوتنەکانی دەبەستێت بەسەر چەتەکانی داعش و شكستپێهێنانی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان.

رێژەیەکی کەم بەشداربوون
گەرچی کەناڵی دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانی کە لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە باربۆی دەکرێت و بە 36 زمانی جیهانی هەواڵەکانی پەخش دەکات، چەندین راپۆرتی لە بارەی هەڵبژاردنەکانی عیراق کردووە، لەراپۆرتێکیشدا کە لە سایتەکەیان بڵاویکردۆتەوە دەڵێت: ئەمە یەکەمجارە هێندە رێژەی بەشداربونی پرۆسەی دەنگدان بەو جۆرە کەم بێت ، بەپێی بەیانێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بێت، لەتەواوی عیراقدا تەنها 44.52% ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەبووە، بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە، ئەمەش کەمترین رێژەیە لەساڵی 2005 ەوە.

پلانی ئەمنی سەرکەوتووبوە
کەناڵی سی ئێن ئێن بەشی عەرەبی لەراپۆرتێکیدا باسی سەرکەوتویی پلانی ئەمنی حکومتی عیراق دەکات بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی شارەکان بەتایبەتی بەغدای پایتەخت، لەمبارەیەوە دەڵێت: راگرتنی هەموو رێگاکانی هاتووچو لەنێوان شارەکان و رێوشوێنە توندەکانی حکومەتی عیراق، تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتو بوو بەتایبەتی لە شاری بەغدا. جێگەی ئاماژیە زۆژی پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دایە هاوڵاتییانی، کە پێدەچێت کردەوەی تیرۆرسیتی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا رووبدات.

کوردەکان بەشداربوون 
گەرچی کەناڵی یۆرۆ نیوز لەراپۆرتێکدا باسی هەڵبژاردنەکانی عیراقی کردووەو تێییدا تشیکی خستۆتە سەر هەرێمی کوردستان و دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە دوای شەش مانگ دێت لە ریفراندۆمە شکستخواردووەکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام رۆژی شەممە دەنگدەرە کوردەکان چوون بەشداری دەنگدانیان لە پەرلەمانی عیراق کرد.

ئەمریکا پیرۆزبایی کرد
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی لەگەلانی عیراق کرد بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان و لەبەیانەکەدا هاتووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیرۆزبایی لە خەڵکی عیراق دەکات بە بۆنەی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەمڕۆوە. ھاونیشتیمانیان لەھەموو گروپە ئاینی و نەژادیەکان ھەروەھا لە ھەر ١٨ پارێزگاکە بەوانەشەوە کە ئاوارەن وایانکرد دەنگیان ببیسترێت.
لەدرێژەی بەیانەکەدا هاتووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادەیە بۆ ھاوشانیکردن لە گەڵ ڕابەرانی عیراق لەکاتێکدا بەردەوامین لە بنیاتنانی پەیوەندیەکی درێژخایەنی ھاوئاھەنگی کردن و دۆستایەتی لەنێوان گەلی ھەردولادا-ھاوشانیەکی ستراتیژی لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتژی کە ھاوکار دەبێت بۆ سەقامگیری لەناوچەکە و گەشپێدانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لەعیراقدا

سەرچاوە: ئاژانسەکان