میترۆ، دهنگی ئهمریكا
زیاتر لە 20 ڕۆژنامەوانی بیانی لە میدکانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا و چین گەیشتوونەتە کۆریای باکور بە مەبەستی ڕوماڵکردنی مەراسیمی داخستنی شوێنی تاقیکردنەوە ناوکیـیەکانی پـیۆنگیانگ.
ڕۆژنامەوانان لە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پـرێس و هەردوو کەناڵی CNN و CBS ی ئەمەریکی و کەناڵی ڕووسیای ئەمڕۆ و دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی چین ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕۆکەخانەی بەیژینی چینەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی Air Koryo بەرەو کۆریای باکور بەڕێکەوتن.
پەیامنێری کەناڵی CCTV ی دەوڵەتی چین گوتی ڕۆژنامەوانەکان گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی شاری ونسانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
بەڵام چەند دەزگایەکی دیکەی ڕاگەیاند، لەوانە ئاژانسی ڕۆیتەرز و میدیاکانی کۆریای باشور، بانگهێشت نەکراون سەرەڕای ئەوەی خوازیاربوون ئەوانیش ئامادەی مەراسیمەکە ببن.
وەزارەتی یەکگرتنەوەی کۆریای باشور مەخابنی خۆی دەربڕی لە بارەی پاشگەزبوونەوەی پـیۆنگیانگ لە بانگهێشتکردنی میدیاکانی کۆریای باشور، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوتی حکومەتی سیۆل گرنگیەکی زۆر بە داخستنی (پـونگگەری) دەدات، واتە ئەو شوێنەی پـیۆنگیانگ تاقیکردنەوە ناوکیـیەکانی لێ ئەنجام دەدات.
بڕیارە لە 12 ی مانگی شەش سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور لە وڵاتی سینگاپـور کۆببنەوە. ئەمڕۆ سەرۆک ترامپ لە واشنتن لەگەڵ مون جە ئین سەرۆکی کۆریای باشور کۆدەبێتەوە.