میترۆ، وێستگه نیوز
به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له رۆژنامه‌نووسان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسانه‌وه په‌یوه‌ندییان پێوه كراوه كه بۆ روماڵی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی برێت مه‌كگۆرك و چوار لایه‌نه‌كه، له مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان رێگری له روماڵی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كراوه.
دیاری محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری بۆ داكۆكی له مافی رۆژنامه‌نووسان به وێستگه نیوزی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌كاتی گه‌یشتنی برێت مه‌كگۆرك، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌مه‌به‌ستی كۆبووه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ چوار لایه‌نه ناڕازییه‌كه له مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی، له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی گرده‌كه‌وه رێگری له رۆژنامه‌نووسان كراوه روماڵی كۆبوونه‌وه‌كه بكه‌ن.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌وته‌ی یه‌كێك له په‌یامنێره‌كان، پاسه‌وانانی گرده‌كه به په‌یامنێرانیان وتووه له‌سه‌رو خۆیانه‌وه فه‌رمانیان پێكراوه رێگه نه‌ده‌ن ئه‌وان بڕۆنه ژووره‌وه، به‌ڵام به‌وته‌ی ئه‌و په‌یامنێره، رێگه به راگه‌یاندنی چوار حزبه‌كه دراوه له‌نێو گردی زه‌رگه‌ته روماڵی كۆبوونه‌وه‌كه بكه‌ن.