میترۆ، K24
به گوێره‌ی رێككه‌وتنێكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئه‌هلی، له‌مه‌ودوا سه‌یركردنی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و وه‌رگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌كان ده‌بێته پاره، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لای هاووڵاتیان درووست كردووه.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، كۆمپانیایه‌كی ئه‌هلی، مۆڵه‌تی پێدراوه، په‌خشی كه‌ناڵه لۆكاڵییه‌كان رێكبخات.
ئه‌و كۆمپانیایه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئامێرێكی تایبه‌تی خستووه‌ته بازاره‌وه كه هه‌ر هاووڵاتییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له ماڵه‌وه سه‌یری كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كان بكات پێویسته ئه‌و ئامێره بكڕێت، كه ساڵی رابردوو، نرخه‌كه‌ی (90) هه‌زار دینار بوو و ئه‌مساڵ نرخه‌كه‌ی داشكێنراوه بۆ نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه.
به گوێره‌ی زانیاری په‌یامنێری (كوردستان24)، هێرۆ مه‌ولودی، لە كۆتایی ئەم مانگەدا سیستمی په‌خشی كەناڵە ناوخۆییەكان دەگۆڕدرێت و له‌مه‌و دوا هاووڵاتیان بۆ بینینی كه‌ناڵه‌كان ده‌بێت ئامێری سیستمی تازه بكڕن و بۆ نوێكردنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كه‌ش هاوبه‌شی بكه‌ن.
هاووڵاتیان نیگه‌رانن له به پاره‌كردنی سه‌یركردنی ته‌له‌ڤزیۆن و ئه‌و حاڵه‌ته كه ته‌نیا له سنووری هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و له عێراق كاری پێ ناكرێت، به "بە بازرگانیەكی شاراوە" وه‌سفی ده‌كه‌ن.
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌هلییه‌كه رێككه‌وتووه، رایگه‌یاندووه، له پێناو هاووڵاتیان نرخی ئامێره‌كانیان به كۆمپانیای جێبه‌جێكار دابه‌زاندووه. ئه‌مه له كاتێكدایه ساڵی رابردوو هه‌مان ئامێر به زیاتر له 90 هه‌زار دینار فرۆشراوه و ئه‌مساڵ كراوه‌ته نیوه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه.
تاوه‌كوو ئێستا كەناڵە ناوخۆییەكان كه زیاتر له 90 كه‌ناڵن بێ ئامێری سەتەلایت و لە رێگای ئامێرێكی تایبه‌ت و ئاڵیه‌ره‌وه به خۆڕایی په‌خشیان گه‌یشتووه‌ته بینه‌رانیان، بەڵام كۆمپانیایه‌كی ئه‌هلی و بازرگانی بە بیانووی پێشكەوتنی ته‌كنه‌لۆژیا ئەم سیستەمەیان ھێناوەتە كوردستان و تا مانگی داهاتوو به بێ ئامێری ئه‌م كۆمپانیایه هیچ خێزانێك ناتوانێت سه‌یری كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كان بكات.