ڕۆژنامەنوسێکی ڕووسی لە پایتەختی ئۆکرانیا کوژرا





میترۆ، NRT
پۆلیسی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئارکادی بابچینکۆ ڕۆژنامەنوسی ڕووسی لە کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکرانیا لە نزیک ماڵەکەی خۆی تەقەی لێکرا و کوژرا.

بابچینکۆ تەمەنی ٤١ ساڵ بووە و لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە نزیک ماڵەکەی خۆی لەکاتێکدا خەڵتانی خوێن بووە دۆزراوەتەوە و دواتر لە ڕێگەدا بەرەو نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی پۆلیسی ئۆکرانیا، بابچینکۆ چەند فیشەکێکی لە پشتەوە پێوەنراوە. ئەندریە کریشچینکۆ سەرۆکی پۆلیسی کیێڤ بە میدیاکانی ئۆکرانیای وتووە کە گومانیانکردووە کە ڕۆژنامەنوسەکە بکوژرێت بەهۆی "چالاکییەکانیەوە"، و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

ئەنتۆن هێراشچینکۆ پەرلەمانتاری ئۆکرانیا لەوبارەیەوە وتوویەتی، ڕۆژنامەنوسەکە چووە هەندێک نان و خواردن بکڕێت و بکوژەکەش لە نزیک ماڵەکەی چاوەڕێی کردووە تا گەڕاوەتەوە و کوشتوویەتی.

ڤۆلۆدیمیر گرۆیسمان سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیاش بابچینکۆی وەکو "هاوڕێیەکی ڕاستەقینەی ئۆکرانیا" وەسفکردووە و وتووشیەتی "ئەو پەلامار و دەستدرێژییەکانی ڕووسیای (بۆسەر ئۆکرانیا) بە جیهان ڕادەگەیاند"، سەرۆک وەزیران وتووشیەتی "بکوژەکان دەبێت سزابدرێن".

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە "داوادەکەین کە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن"، هاوکات پرسە و سەرەخۆشی خۆیشی لە خانەوادە و هاوڕێکانی بابچینکۆ کردووە.

بابچینکۆ دوای ئەوەی لەبارەی تێکشکانی فڕۆکەیەکی سەربازیی ڕووسی کە لەساڵی ٢٠١٦ تێکشکاوە بابەتی نوسیبوو، دواتر هەڕەشەی کوشتنی لێکرا و بەوهۆیەشەوە وڵاتی ڕووسیای جێهێشتووە.

ڕۆژنامەنوسە ڕووسییەکە یەکەمجار چووەتە پراگی پایتەختی کۆماری چیک و دواتریش کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکرانیا، بابچینکۆ ڕەخنەگرێکی توند بووە لە دەسەڵاتی کرملن.

بابچینکۆ لە کەناڵی (ئەی تی ئاڕ تیڤی)، کە کەناڵێکی ئۆکرانییە، وەکو پێشکەشکار کاریکردووە، پێشتریش پەیامنێری جەنگی بووە.

لە دواین پۆستیدا و بە چەند کاتژمێرێک بەر لە کوشتنی بابچینکۆ باسی لەوە کردووە کە بەر لە چوار ساڵ و ڕێک لەو ڕۆژەدا (دوێنێ) چەندە خۆشبەخت بووە.


AM:11:02:30/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌