ناوی شەهید شیفا لە گەورەترین مۆزەخانەی تایبەت بە رۆژنامەڤانی هەڵدەواسرێت
PM:01:31:04/06/2018


میترۆ، رووداو 

گەورەترین مۆزەخانەی تایبەت بە هەواڵ و رۆژنامەڤانی، ئەمڕۆ (دووشەممە 4-6-2018) وەکو رێزلێنانێک لە کارەکانی، ناوی شەهید شیفا گەردی و 17 رۆژنامەڤانی دیکە، کە لە ساڵی 2017ـدا لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە، لەسەر دیواری یادەوەرییەکانی هەڵدەواسێت.

مۆزەخانەی نیوزیەم، مۆزەخانەیەکی تایبەت بە هەواڵ و رۆژنامەڤانییە لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا. تێیدا رووداوە رۆژنامەڤانییەکان هەڵدەگیرێن و سەردانکاران دەتوانن چەندین چیرۆکی تایبەت بە هەواڵەکان، رۆڵی میدیای ئازاد لە مێژوو و گرنگیی ئازادییەکانی وەکو ئازادیی ئایین، بیروڕا، میدیا، کۆبوونەوە و رادەربڕین ببینن. مۆزەخانەکە لە 15 گەلەری و 15 هۆڵ پێکهاتووە.

ئەو رۆژنامەڤانانەی ئەمساڵ ناویان لەسەر دیواری یادەوەریی مۆزەخانەکە هەڵدەواسرێت، زۆربەیان لە رووماڵکردنی شەڕ لە عێراق و سووریا گیانیان لەدەستداوە، کە دوو کوشندەترین وڵاتن بۆ کاری رۆژنامەڤانی لە جیهاندا.

ئەو دیوارە شووشەییەی ناوی رۆژنامەڤانەکانی تێدا هەڵدەواسرێت تائێستا ناوی دوو هەزار و 305 رۆژنامەڤانی تێدا نووسراوە، ساڵانەش لەگەڵ گیانلەدەستدانی رۆژنامەڤانانی دیکە بەهۆی کارەکانیان، دیوارەکە ناوی زیاتری بۆ زیاد دەکرێت، لەسەر ماڵپەڕی تایبەت بە مۆزەخانەکەش ناو و شوێنی گیانلەدەستدان و کورتەیەک لەبارەی هەر رۆژنامەڤانێک دەنووسرێت.

نیوزییەم لەبارەی ئەو 18 رۆژنامەڤانە نووسیویەتی: "نیوزییەم دیواری یادەوەرییەکانی رۆژنامەڤانان تەرخاندەکات بەو پیاو و ژنانەی لەکاتی رووماڵکردنی هەواڵەکان گیانیان لەدەستداوە. ناوی ئەو 18 رۆژنامەڤانە لەسەر دیوارەکە زیاد دەکرێت بە نوێنەرایەتیی هەموو ئەو کەسانەی لە ساڵی 2017ـدا بۆ دەستکەوتنی هەواڵ گیانیان لەدەستداوە".
شەهید شیفا گەردی، یەکێک بوو لە رۆژنامەڤانە هەرە چالاک و کاراکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە، ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو و میدیای کوردی بوو، جگە لەوە بەڕێوەبەرێکی کارا و کاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو. رۆژی 25-2-2017 لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك لە موسڵ، بۆمبێكی چێندراو بە تیمێكی رووداو و هێزێكی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە، بەهۆیەوە شیفا گەردی شەهید بوو.

جگە لە شەهید شیفا، سێ رۆژنامەڤانی دیکەش کوردن، لەوانە ئەرکان شەریف لە کوردستان تیڤی، هاوکار فەیسەڵ و دڵشەن ئیباش لە ئاژانسی هاوار نیوز.

ناو و شوێنی گیانلەدەستدانی 18 رۆژنامەڤانەکە:

1 - محەممەد ئەبازەید لە سووریا
2 - کریستۆفەر ئالان لە باشووری سوودان 
3 - نیکۆلای ئاندرۆشچینکۆ لە رووسیا
4 - سودیپ دووتا بۆمیک لە هیندستان 
5 - میرۆسلاڤا برێچ ڤێلدوچا لە مەکسیک 
6 - دافنی کارۆنا گالیزیا لە ماڵتا 
7- شیفا گەردی لە عێراق
8 - دڵشەن ئیباش لە سووریا 
9 - گۆری لانکیش لە هیندستان 
10- کریستۆفەر ئیبان لۆزادا لە فیلیپین 
11- هاوکار فەیسەڵ محەممەد لە سووریا 
12- یەمین رەشید لە ماڵدیڤ 
13- ڤێرۆنیک رۆبێرت لە عێراق
14- ئەرکان شەریف لە عێراق 
15- خاڤیێر ڤالدێز کاردیناس لە مەکسیک 
16- ماریا ئیفێنیا ڤاسکێز لە کۆڵۆمبیا 
17- ستێڤان ڤینۆڤ لە عێراق