‌رای وەزارەتی ئەوقاف سەبارەت بە داخستنی سروشت




میترۆ، وێستگه‌ نیوز 
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رایدەگەیەنێت، بڕیاری داخستنی كەناڵەكەی مەلا مەزهەر پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەڵكو ئەگەر مەلا مەزهەر لە وتاری رۆژی هەینیدا "سوكایەتی بە ئافرەت" بكردایە، رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگرتەبەر.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەگەر مەلا مەزهەر خۆراسانی لەوتاری رۆژی هەینیدا سوكایەتی بە ئافرەت بكردایە یان سەرپێچی هەر رێنماییەكی دیكەی بكردایە وەكو هەر مامۆستایەكی دیكەی ئاینی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە لە وەزارەت لێپرسینەوەی بەرامبەر دەكرا، بەڵام بابەتی داخستنی تەلەفزیۆنەكەی كە بواری میدیاییە پەیوەندی بە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە هەیە.

ئەمڕۆ وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم بڕیاریدا لە سبەینێوە كەناڵی سروشت كە مەلا مەزهەر خاوەنییەتی بە تۆمەتی "سوكایەتی بە ئافرەت" دابخات.

پێشتریش  مەلا مەزهەر خۆراسانی، خاوەنی كەناڵی سروشت سەبارەت بە داخستنی كەناڵەكەی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە بە وێستگە نیوزی راگەیاند، كەناڵەكەی خزمەتی زۆری كردووە، بەڵام ئەگەر نووسراوی رەسمی بۆ بڕوات كە داوای داخستنی كەناڵەكەی لێبكەن دایدەخات، لەچوارچێوەی یاسا و رێساكاندا پابەند دەبێت.

مەلا مەزهەر خۆراسانی ئاماژەی بەوەكرد، كەناڵەكەیان (عیرفانی، ئاینی، تەسەوفی نیشتمانییە) و خزمەتێكی بەرچاوی بۆ نیشتمان و ئاسایش و بەتایبەت بۆ خانمان هەبووە، ئەو خزمەتەی كە ئەوان بۆ خانمان كردوویانە، باوەڕ ناكات هیچ دەزگایەك كردبێتی.

ناوبراو وتی "كێشەكە ئەوەیە ئەو بەرنامانە بۆ راستەوخۆ كێشەیان نییە، بەڵام كاتێك دەڕواتە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك یان سایتەكان بۆ مەبەستی بەرزكردنەوەی زیادكردنی لایكیان كاتێك لێی دەبڕن ماناكەی دەگۆڕن و تێبینی زۆر دروست دەكات، تەنانەت خۆیشم بەو شێوەیە سەیریان دەكەم تێبینیم لا دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر كۆی بەرنامەكە سەیر بكەین پشتگیرییە لە ئافرەتان".

سەبارەت بە بەكارهێنانی وشەی دەیناسۆر بەرامبەر ئافرەتان، مەلا مەزهەر وتی "یەكێك لەو سوڵحانەی لەبەردەستمدایە، كابرایەكی دەوڵەمەندە لەگەڵ ئافرەتێك دەستی تێكەڵ كردووە و خەریكە هەردووكیان دەكوژرێن، پیاوەكەش دەڵێت مامۆستا 20 دەفتەر دۆلار دەدەم تەنها لەو كێشەیە رزگارم بێت، منیش ئەو چیرۆكەم هێناوە و دەڵێم نامەرد تۆ بتوانیت 20 دەفتەر بۆ سوڵحێك بدەیت ئەی بۆچی فیكرت لە هێنانی ژنێكی دیكە نەكردەوە بە حەڵاڵی".

هەروەها وتیشی "بەو پیاوەم وت بۆچی ژنی دووەم ناهێنێت، دەیوت خێزانەكەم ئیمانی بەو مەسەلەیە نییە و كوفری كردووە، منیش وتومە پرسی ژنی یەكەمت نەكردایە ژنی یەكەمت دەیناسۆرە، واتە باسی ئەو ئافرەتانەم كردووە كە بێ ئیمانن و خوا نەناسن".
   
بۆ بڕیارەكەی وەزارەتی رۆشنبیریش، وتی "ئێمە مۆڵەتمان لەو وەزارەتە وەرگرتووە و پێش هەموو كەناڵەكان مۆڵەتمان نوێكردۆتەوە و لە هەموو روویەكەوە پابەندبووین بە بڕیارەكان".

ناوبراو روونیكردەوە، ئەو وەزارەتەش خەڵكی رۆشنبیری بەڕێوەی دەبات، بۆیە دەبێت تەنها لە سایتەكان شت وەرنەگرن، ئەو بەرنامانە لای ئەوانیش ئەرشیفن و دەبێت چاودێری بەرنامەكانیان بكەن، هەر تێبینی تێدا بوو تەحەمولی بەرپرسیارێتی دەكەن.




PM:03:57:09/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌