بەشێكی زۆریان لەمیدیاكانی گۆڕان‌و یەكێتین بەهۆی‌ قەیرانی‌ داراییەوە میدیاكانی‌ هەرێم بەدەیان كارمەند دەنێرنەوە ماڵەوە




 
ئەم جارەش دارەكە لەسەری‌ رۆژنامەنووسەكاندا شكا‌و بەهۆی‌ قەیرانی‌ داراییەوە میدیاكانی‌ هەرێم بەدەیان كارمەند دەنێرنەوە ماڵەوە.
 
بەپێی راپۆرتێكی گۆڤاری شار كە لەژمارە (30) بڵاوكراوەتەوە بەبیانووی‌ نەبوونی‌ پارەو بڕینی‌ بودجەوە دەزگا راگەیاندنەكان بەدەیان كارمەند دەنێرنەوە ماڵەوە‌و كارمەندە «مافخوراو»ەكانیش هیچ جێگەیەكیان نییە پەنای‌ بۆ ببەن.
 
یەكێك لەو كەناڵانەی‌ دەستیكردووە بەهەڵمەتی‌ دوورخستنەوەی‌ كارمەندەكانی‌ كەناڵی‌ كەی‌ ئێن ئێنی‌ گۆڕانە كە لەدوو هەفتەی‌ رابردوودا كۆتایی‌ هێناوە بەراژەی‌ (58) رۆژنامەنووس‌و كارمەندەكانیان لەنووسینگەی‌ سەرەكی‌‌و شارو شارۆچكەكان‌و چەند كەسێكی‌ تریش چاوەڕێی‌ نۆرەی‌ ناردنەوەی‌ ماڵەوە دەكەن.
 
وەنەبێت ئەم هەڵمەتە تەنیا كەناڵەكانی‌ گۆڕانی‌ گرتبێتەوە، بەڵكو زۆربەی‌ حیزبەكانی‌ تریش هەمان حاڵەت تێیاندا روویداوە، بەپێی‌ زانیارییەكانی‌ "شار" كێشەی‌ نەدانی‌ مووچەو كەمكردنەوەی‌ كارمەندان میدیاكانی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ گرتووەتەوەو لەدواین هەنگاویشدا یەكێتی‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ دەزگای‌ واڵای‌ دەركرد، ئەمە جگە لەوەی‌ هەندێ‌ لەكەناڵە ئاسمانییەكانی‌ پارەیەكی‌ زۆر قەرزدارن.
 
بەپێی‌ ئەو زانیارییانەی‌ دەست "شار" كەوتوون‌ مەكتەبی‌ راگەیاندنی‌ یەكێتی‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ ژمارەیەك لەو كەناڵە لۆكاڵییە زۆروزەوەندانەی‌ داوە كە لەشارو شارۆچكەكان هەیەتی‌، هەروەها بڕیارە كەناڵی‌ ئاسمانی‌ حوریەو تەلەفیزیۆنی ئایندەو چەند‌و گۆڤارو رۆژنامەیەك دابخات.
 
حیزبە ئیسلامییەكان زیاتر لەحیزبەكانی‌ تر گیرۆدەی‌ قەیرانی‌ دارایین، چونكە وەكو خۆیان باسی‌ لێوە دەكەن جگە لەبودجەی‌ حكومەت‌ هیچ سەرچاوەیەكی‌ تریان نییە بۆ دابینكردنی‌ دارایی‌ حیزبەكەیان بۆ ئەوەی‌ دەزگا راگەیاندنەكانیانی‌ پێ بەڕێوەبەرن.
 
تەواوی راپۆرتەكە لەژمارە (30) گۆڤاری شار بخوێنەرەوە كە كۆمپانیای شارپرێس بۆ چاپ‌و راگەیاندن‌و توێژینەوە مانگی دووجار بڵاویدەكاتەوە.
 



AM:12:42:18/07/2014




ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌