به‌هۆی‌ هه‌واڵێكی‌ واتس ئه‌پ-ه‌وه‌ پێنج كه‌س كوژران
PM:02:11:08/07/2018


میترۆ، كوردستانی‌ نوێ‌ 
له‌ هیندستان كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی‌ تووڕه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر پێنج كه‌س‌و ئه‌وه‌نده‌یان لێ دان تا مردن، هۆكاری تووڕه‌بوونه‌كه‌شیان هه‌واڵێكی‌ درۆ بوو كه‌ له‌ واتس ئه‌پ بڵاو بۆته‌وه‌‌و گوایه‌ ئه‌و پێنج كه‌سه‌ منداڵان ده‌ڕفێنن‌و ده‌ستدرێژییان ده‌كه‌نه‌ سه‌ر.

پۆلیسی‌ هیندستان 23 كه‌سی‌ ده‌ستگیر كرد، به‌ تۆمه‌تی‌ به‌شداری كردنیان له‌ كوشتنی‌ ئه‌و پێنج كه‌سه‌دا‌و ئه‌وه‌شی‌ ئاشكرا كرد، كه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی‌ له‌ واتس ئه‌پ بڵاو بۆته‌وه‌ درۆیه‌‌و هه‌ڵبه‌ستراوه‌.

به‌ پێی‌ راپۆرتی‌ كه‌ناڵه‌ ناخۆییه‌كانی‌ هیندستان له‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا زیاتر له‌ 25 كه‌س به‌ ده‌ستی‌ خه‌ڵكی‌ تووڕه‌ كوژراون، هۆكاری‌ هه‌موو تووڕه‌بوونه‌كانیش هه‌واڵی‌ درۆیه‌ له‌ واتس ئه‌په‌وه‌، كه‌ گوایه‌ ئه‌و كوژراوانه‌ ده‌ستدرێژییان كردۆته‌ سه‌ر منداڵان.

سه‌رچاوه‌كانی‌ پۆلیسی‌ ئه‌و وڵاته‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌م رووداوه‌ تازه‌یه‌دا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر خه‌ڵكی‌ تووڕه‌ هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر هه‌شت پیاو، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێكیان قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ منداڵێكدا كردووه‌، له‌و هه‌شت كه‌سه‌ش ته‌نها سیانیان ده‌رباز بوون.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م رووداوانه‌ به‌ هۆی‌ هه‌واڵی‌ درۆی‌ تایبه‌ت به‌ رفاندنی‌ منداڵه‌وه‌ روویان داوه‌، به‌ڵام دیارده‌ی‌ رفاندنی‌ منداڵ له‌ هیندستان له‌ ئاستێكی‌ مه‌ترسیداردایه‌‌و ساڵانه‌ 90 هه‌زار منداڵ ده‌ڕفێنرێت.