سه‌رۆك كۆمار پێشوازی له‌ مسته‌فا ساڵح كه‌ریم ده‌كات
AM:10:04:09/07/2018

میترۆ، PUK media
 د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ به‌غدا، پێشوازیكرد له‌ چیرۆكنووس و رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگ مسته‌فا ساڵح كه‌ریم، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و شوێنه‌وارو گه‌شتوگوزار رێزی لێناو بڕوانامه‌ی پێزانین و سپه‌ری داهێنانی پێبه‌خشی.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار ستایشی مامۆستا مسته‌فای كرد له‌ خه‌بات و تێكۆشانیدا له‌ڕێی وشه‌ی ئازاده‌وه‌ له‌دژی رژێمی دیكتاتۆریی له‌ناوچوو.

سه‌رۆك كۆمار له‌میانه‌ی وته‌یه‌كیدا به‌ ئاماده‌بوونی فریاد رواندزی وه‌زیری رۆشنبیری و ئاوات حه‌سه‌ن ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی له‌ وه‌زاره‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌ نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسان، پێزانینی خۆی ده‌ربڕی بۆ پێگه‌ی تایبه‌ت و دیاری مامۆستا مسته‌فا ساڵح كه‌ریم له‌ مه‌یدانی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و عیراقیشدا، هه‌ڵوێسته‌ نه‌گۆڕه‌كانی به‌رز نرخاند له‌ئاست ئازادی راده‌ربڕین و مافه‌كانی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی كوردستان و سه‌رتاسه‌ری عیراقیش، كه‌ له‌ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردوودا رۆڵی به‌رده‌وامی هه‌یه‌ له‌ پشتگیریكردنی گه‌شه‌پێدانی ئه‌ده‌ب و رۆژنامه‌گه‌ریدا له‌ ئاستی كوردستان و عیراقدا.

لای خۆیه‌وه‌ رۆژنامه‌نووس مسته‌فا ساڵح كه‌ریم خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی ده‌ربڕی له‌ به‌رامبه‌ر پێشوازی و میوانداری گه‌رموگوڕی سه‌رۆك مه‌عسوم، ستایشی هه‌ڵوێستی به‌رده‌وامی به‌ڕێزیانی كرد له‌ پشتیوانیكردن و پاراستنی ئازادی راده‌ربڕینی مافه‌كانی رۆژنامه‌نووسان و داهێنه‌ران.