ئارام سه‌عید: رێگه‌ نه‌دان له‌ روماڵی‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست گومان دروست ده‌كات
PM:06:42:09/07/2018

میترۆ، سلێمانی‌ 
به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌گشتیه‌كانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: رێگه‌ گرتن له‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاند له‌ روماڵی‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست گومان دروست ده‌كات. 

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌ باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ خۆی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ ساز كرد و تیایدا ئارام سه‌عید به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ و ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا له‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی‌: یه‌كێك له‌ سیاسه‌ت و بنه‌ماكانی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ كه‌ به‌رده‌وام جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ ئازادی‌ راده‌بڕین و ئازادی‌ رۆژنامه‌نووسی‌.

ئه‌و وتی‌: ئه‌و كاره‌ی‌ كۆمسیۆن كردی‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن و رێگه‌ی‌ نه‌دا روماڵی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان بكات به‌ده‌ست به‌ كارێكی‌ خراپی‌ ده‌زانین و ده‌بوایه‌ رێگه‌ی‌ بدایه‌. 


ئارام سه‌عید ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ئه‌و یاسایه‌ی‌ دانرابوو بۆ هه‌رڵبژاردن و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست وه‌ك خۆی‌ جێبه‌جێنه‌كرا. 

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌، رێگه‌ گرتن له‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاند له‌ روماڵی‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست گومان دروست ده‌كات. 

پێشتر سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا رایگه‌یاند: دانانی بەربەست بۆ كاری میدیای لە پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكان، پێچەوانەی یاساو بەڵێنەكانەو ئەوەندەی تر گومان دەخاتە سەر ئەنجامەكەی.

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ: 

سلێمانی، 9ی تەموزی 2018: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت دانانی بەربەست بۆ كاری میدیای لە پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكان، پێچەوانەی یاساو بەڵێنەكانەو ئەوەندەی تر گومان دەخاتە سەر ئەنجامەكەی.

لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكاندا ئەنجومەنی كۆمسیاران لەسەر زاری وتەبێژەكەی رایگەیاند" دەرگایان بۆ نوێنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان، كونسڵخانە، پارتە سیاسییەكان، میدیاكان كراوەیە"بەڵام بڕیارەكەی كۆمسیاران لە لایەن دادوەرانەوە بە شێوەیەك دەسكاری كراوە و تەنها كەناڵی ئەلعێراقییە بۆی هەیە روماڵ بكات و ئەوانی تر بۆیان نییە كەرەسەی رۆژنامەنوسی ببنە ناو ناوەندەكەوە.

بەیانی ئەمڕۆ نوێنەری سەنتەری میترۆ سەردانی ناوەندی هەژماركردنی دەنگەكانی لە شاری سلێمانی كرد، داوای لە ئەندامی ئەنجومەنی كۆسیاران و ئەو دادوەری سەرپەرشتیاری پرۆسەكە كرد رێگە بدەن نوێنەرانی دەزگاكانی میدیای روماڵی پرۆسەكە بكەن بەڵام ئەوان رازی نەبوون و تەنها رێگە دەدەن " میدیاكار بە بێ قەڵم و كامێراوە لە ناوەندەكە ئامادە بێت" هەروەها بڕیاریان داوە " تەنها كەناڵی رەسمی دەوڵەت ئەالعیراقیە بۆی هەیە كامێرا بباتە ناو هۆڵەكە". 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ریادەگەیەنێت دانانی بەربەست بۆ كاری میدیای لە پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكان، پێچەوانەی یاساو بەڵێنەكانەو ئەوەندەی تر گومان دەخاتە سەر ئەنجامەكەی.

میترۆ بۆ زامنكردنی شەفافییەت و رەوینەوەی هەندێ لەو گومانانە، رێگە بدرێت میدیاكاران بە شێوەیەكی ئاسایی روماڵی پرۆسەی هەژماری دەستی دەنگەكان بكەن و ئاسانكاری تەواو بكرێت بۆ چادێریكردن، چاودێریكردنی رووكەشانەی پرۆسەكە خزمەت بە شەفافییەت ناكات.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.

تا كۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی كراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە كۆنفرانسێكدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. لەسەرەتای 2015 و 2017 هەڵبژاردن بۆ دەستەی بەڕێوەبردن كراوە.

میترۆ 7 راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە