مارکێت وینگز: زیانی سانسۆرکردنی ئینتەرنێت لە عێراق ملیۆنان دۆلارە




میترۆ، رووداو
کۆمپانیای مارکێت وینگز  (Market Wings) بۆ دیجیتاڵ مارکێتینگ و راوێژکاری سۆشیاڵ میدیا رایدەگەیێنێت، زیانی سانسۆرکردنی ئینتەرنێت لە عێراق رۆژانە بە 40 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. داواش لە حکومەتی عێراق دەکات مافی ئاسایی خەڵک بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا زەوتنەکات.

لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی سانسۆرکردنی هێڵی ئینتەرنێت و چەند پلاتفۆرمێکی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای مارکێت وینگز رایگەیاند "ئینتەرنێت بەشێکە لە ژیان و پێداویستی رۆژانەی خەڵک لە هەموو کەرتە جیاوازەکانی وەک خوێندن، تەندروستی، ئاسایش و بازرگانی. ناکرێ بە پاساوی لاوازەوە حکومەتەکان بە ئارەزووی خۆیان بەکارهێنانی ئەو مافە لە خەڵک زەوتبکەن".

بەپێی راگەیێندراوەکەی مارکێت وینگز، بەپشتبەستن بە داتاکانی "کۆست تووڵ و نێت بڵۆکس" کە خەمڵاندنیان کردووە بۆ دەرهاویشتە و دەرفەتەکان، دەرکەوتووە داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا رۆژانە زیانی 40 ملیۆن دۆلار لە عێراق دەدات.

مارکێت وینگز دەشڵێت "لەڕێگەی پارتنەرەکانمانەوە لە جیهان بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە دەکەین، بەردەوامیش دەبین لە گەڕانەوەی مافەکانی دیجیتاڵی خەڵک".


دەقی راگەیێندراوەکەی مارکێت وینگز:

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی چەند شارێکی باشووری عێراق، حکومەتی بەغدا سانسۆری خسووەتە سەر هێڵی ئینتەرنێت و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا، ئەوەش پێشێلکردنی مافی گەردوونی خەڵکە کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دونیا نوێ و دیجیتاڵدا ناگونجێت. 

ئینتەرنێت بەشێکە لە ژیان و پێداویستی رۆژانەی خەڵک لە هەموو کەرتە جیاوازەکانی وەک خوێندن، تەندروستی، ئاسایش و بازرگانی. ناکرێ بە پاساوی لاوازەوە حکومەتەکان بە ئارەزووی خۆیان بەکارهێنانی ئەو مافە لە خەڵک زەوتبکەن.

ئێمە لە کۆمپانیای مارکێت وینگز (Market Wings) بۆ دیجیتاڵ مارکێتینگ و راوێژکاری سۆشیاڵ میدیا لەڕێگەی پارتنەرەکانمانەوە لە جیهان بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە دەکەین، بەردەوامیش دەبین لە گەڕانەوەی مافەکانی دیجیتاڵی خەڵک.

هەموو لایەکیش ئاگاداردەکەینەوە بەپێی دوایین راپۆرتی "کۆست تووڵ و نێت بڵۆکس" کە خەمڵاندنیان کردووە بۆ دەرهاویشتە و دەرفەتەکان، دەرکەوتووە داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا رۆژانە زیانی 40 ملیۆن دۆلار لە عێراق دەدات.

ئێمە لە  مارکێت وینگز داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەزووترین کات مافە دیجیتاڵییەکانی خەڵک بگەڕێننەوە و ئەو بڕیارانە بۆ سانسۆرکردنی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا دەرکراون، لاببرێن.

داوا لە خەڵکیش دەکەین لەڕێگەی ئەو لینکەی خوارەوە سکانی ئینتەرنێتی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی بە رێکخراوە جیهانییەکان بڵێن کە ئینتەرنێتیان سانسۆری لەسەرە، ئەوەش دەبێتە هۆی گوشار لەسەر حکومەتی بەغدا.
کلیک بکە بۆ تۆمارکردنی ئینتەرنێتە سانسۆرکراوەکەت

 

کۆمپانیای مارکێت وینگز (Market Wings) 
بۆ دیجیتاڵ مارکێتینگ و راوێژکاری سۆشیاڵ میدیا


AM:10:19:18/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌