سۆرانی مامەحەمە گەنجێكی عاشق بە ژیان




میترۆ، دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین

" لەڕاپەڕینەكەی بەهاری ساڵی 1991دا لەترسی رژێمی بەعس لەكەركوك ڕامانكردوو هاتینە سلیمانی‌و لە حامییەی سلیمانی نیشتەجێ‌ بووین، ئەو كاتە سۆرانی برام تازە چووبوویە قوتابخانەو زۆر منداڵبوو، زۆرجار دەمبینی گە لەدیوارەكانی حامییە شیعری دەنووسی‌و هەرلەو سەردەمەوە هەستم دەكرد كەسۆران منداڵێكی هەستیارەو جیاوازە لە منداڵەكانی تر" فەرمانی مامەحەمەی برای سۆران وایووت.


ئەو دونیایەك عەشق‌و خۆشەویستی هەبوو بۆ ژیان، هەمیشە بۆ ئایندەیەكی جوانتری دەڕوانی‌و لەو پێناوەشدا بەردەوام تێدەكۆشاو لە نەسرەوتندابوو، سۆرانی مامە حەمە پڕپڕ بوو لە ئومێد، ئەو عەیامێك بوو دونیاك خەمی هەژاران‌و چەوساوانی میللەتەكەی لە كۆڵ نابوو ‌و بەردەوامیش دژی نادادی‌و نایەكسانی‌و گەندەڵی‌و دەجەنگا‌و هەر لەو پێناوەشدا سەری نایەوەو بووەیە قوربانی، هەروەك چۆن لەكایەی رۆژنامەگەریدا گەنجێگی كارامە‌و بەكار‌و خاوەن خامەیەكی راستگۆبوو و بەتیرۆر كردنیشی بوویە شەهیدی قەڵەم‌و سنبوول ئازادی‌و كاری رۆژنامەگەری لە كوردستان، سۆران لەكایەی كۆمەڵایەتیشدا خاوەن كەسایەتییەكی بەهێزو خۆشەویستی ناو هاوڕێیان‌و كەس‌و كارو خانەوادەكەی بوو. جگە لەوەی سۆران رۆژنامەنووسێكی بوێرو بەتوانابوو، لە هەمانكاتدا شاعیرێكی هەستناسك‌و وەرزشكارێكی بە تواناش بوو، دوو ساڵ بەر لە ئێستا دەستی رەشی تیرۆرو دوژمنانی وشەو ئازادی خەون‌و هیواو ئایندەی سۆرانییان لە گۆڕنا.
منداڵێكی هەستیار


فەرمانی مامە حەمەی برای سۆران بەم شێوەیە باس لە سەردەمی منداڵی سۆرانی برای دەكات: " سۆران بەمنداڵی زۆر هێمن‌و بێدەنگ بوو، هاوڕێی هەموو منداڵێكی نەدەكرد، لەمندالێشدا حەزی لە كاسپیكردن بوو، چونكە بەوتەمەنە كەمەوە دەیزانی ژیان سەختەو دەیوویست هاوكاری ماڵەوە بكات، دەیووت دایە پارەم بدەرێ‌ با بچم چنورە بفرۆشم"


بەگووتەی فەرمانی برای شەهید سۆرانی مامەحەمە هەرلەمنداڵییەوە زۆر هەستیار بووەو هەمیشەش حەزی لەوەكردووە كە تواناكانی خۆی تاقیبكاتەوەو بەردەوامیش خاوەنی بیرو بۆچوونی تایبەتی خۆی بووە‌و زۆریش حەزی لە خوێندن بووە.


گەنجێكی رێكپۆش‌و سپۆرت


شەهید سۆران بەردەوام گەنجێكی سپۆرت‌و رێكپۆش بوو، ئەو گرنگییەگی تەواوی بە پۆشینی جل‌و بەرگی جوان‌و كەشخە دەداو بە تەنها یەكجار دیتن بەس بوو بۆ ئەوەی كە بزانیت سۆران چەندە كوڕێكی رێكپۆشە، كارزان نەجم كە خزمی نزیك‌و هەم هاوڕێی منداڵی سۆرانە ئەوە باس دەكات كە سۆران بە منداڵیش بەردەوام رێكپۆشبووە، كارزان دەڵێت:" سۆران بەمنداڵی زۆر پاك‌و خاوێن‌و رێكپۆش بوو، زۆر گرنگی بەجل‌و بەرگ دەداو حەزی لەجلی جوان بوو" فەرمانی برایش دەڵێت": سۆران هەر لەمنداڵییەوە حەزی لە جلی جوان بوو زۆریش گرنگی بە پاك‌و خاوێنی خۆی دەداو سەرباری سەختی ژیان‌و كەمدەستیش ئەو پارەی زۆری دەدایە جل‌و بەرگ‌و دەیووت قەیناكە بەگران دەیكڕم، خۆم پارەكەی پەیدا دەكەم"


عەشقێكی زۆری هەبوو بۆ خوێندن


دوای ئەوەی كە لە راپەڕینەكەی بەهاری 1991 دا لەترسی جەوری بەعس ماڵی سۆرانی مامە حەمە لە كەركوكەوە دێنە سلێمانی‌و لە حامییەی سلێمانی نیشتەجێدەبن، سۆران لە قوتابخانەی حەمدی سەرەتایی دەخرێتە بەرخوێندن‌و تاقۆناغی سێیەمی ناوەندی لە سلیمانی دەخوێنێت، مامۆستا رێبوار كە یەكێكبووە لە مامۆستاكانی سۆران‌و لە قۆناغی ناوەندیدا وانەی عەرەب پێوتووە ئاماژە بەوە دەكات كە سۆران قوتابییەكی نموونەیی بووە، ئەو دەڵێت:" بە تەواوی واتا سۆرا نموونەی قوتابی بوو، هێمن‌و لەسەرخۆبوو، دڵسۆزبوو، هاوكاری مامۆستاو هاوڕێكانی بوو، عەشقێكی زۆریشی هەبوو بۆ خوێندن، ئەمە سەرباری ئەوەی كە لەهەموو ئەو لیژنانەدا كە بۆ خزمەتی قوتابخانە پێكدەهاتن، سۆران رۆڵێكی زۆر گەورەی هەبوو"


كەی یەكەم نووسینی بڵاو كردەوە


هەرچەندە لەمنداڵییەوە سۆران عەشقێكی زۆری بۆ خوێندنەوەو نووسین هەبووەو بە منداڵیش كاتێك لە پۆلی دوو، سێی سەرەتایدا بووە لە دیوارەكانی حامییە شیعری نووسیووە، بەڵام فەرمانی برای ئاماژە بەوە دەكات كە سۆران لە پۆلی سێیەمی ناوەندیدا بووە یەكەم نووسینی بڵاو كردووەتەوە." كاتێك سۆران لە پۆلی سێیەمی ناوەندی بوو لە ساڵی 2003، رۆژێك لەكەڵ دایكمدا دەچن بۆ چەمچەماڵ بۆ سەردانی گۆڕِی باوكم، سۆران دەبینێت گۆڕستانەكە پەرژینی نییەو زۆر پیسەو پڕە لە ئاژەڵ، دێتەوە ماڵەوەو بابەتێك لەسەر ئەوە دەنووسێت‌و لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بڵاوی دەكاتەوە‌و دوای نووسینەكەشی شارەوانی پەرژین بۆ گۆڕستانەكە دەكات.


زۆر پابەند بوو بە مەوعیدەوە


فەرمان باس لەوە دەكات كە سۆران لەگەڵ ئازارەكانی ژیاندا راهاتبوو بۆیە بەرگەی زۆر تەنگ‌و چەڵەمەی دەگرت‌و نارەحەتییەكان نەیان دەتووانی زیانی پێبگەیەنن، بەهەمان شێوەش مەریوان ساڵحی پورزای سۆرانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە سۆران سەختی ژیانی زۆر بینیوە، مەریوان دەڵێت:" سۆران دەریای خەم‌و حەسرەت بوو، لەژیانیدا ناڕەحەتی زۆری دیتبوو، سەرباری ئەمەش ئومێدێكی زۆری بە ژیان هەبوو". مەریوان كە هەر لەمنداڵییەوە هاوڕێیەكی بەردەوامی سۆران بووە زیاتر سەبارەت بە سۆران دەدوێت‌و دەڵێت:" لەیەك لە سیفەتە جوانەكانی سۆران ئەوە بوو، كە زۆر پابەندبوو بەو بەڵێنانەوە كە دەیدا، بۆ تەنها جارێك نەم بینی سۆران بەڵێنێك بدات‌و نەیباتە سەر، زۆرجار موحاسەبەی دەكردین لەسەر مەوعید، هەمیشە بە دوای هاوڕێی باشدا دەگەڕا، لەگەڵ ئەوەشدا سۆران گەنجێكی بەئارام‌و لەسەرخۆبوو، كوڕێكی زۆر هەستیارو عاتیفیش بوو، ئاواتێكی گەورەی ئەوەبوو كەبچێتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن‌و بڕوانامەی بەرز بەدەست بێنێت" مەریوان پورزای سەبارەت بەلایەنی عاتیفی سۆران ڕووداوێك باس دەكات‌و دەڵێت:" رۆژێك لەكەركوكەوە بۆ سلێمانی دەهاتین، لە ڕێكەدا سەیارەیەك دای لە سەگێك‌و قاچێكی شكاند، سۆران كەئەوەی بینی زۆر بێتاقەت بوو، لەناو ئەو هەموو خەڵكەدا چوو سەگەكەی هەڵگرت‌و لەسەر جادەكە دووری خستەوە‌و بەو ڕووداوە زۆر ئازاری خوارد‌و هەر باسی دەكرد" كارزان نەجمیش بەهەمان شێوە جەخت لەسەر دوو سیفەتی سۆران دەكاتەوەو دەڵێت" سۆران زۆر حەزی لەوە بوو پابەند بێت بەمەوعیدەوەو كوڕێكی زۆر هەستیاریش بوو" لەتیف هەڵمەتی شاعیریش سەبارەت بە سۆران دەڵێت" سۆران بە رواڵەت زۆر هێمن‌و لەسەرخۆبوو، بەڵام بەڵام لەناخەوە بزێوو چەلەنگ‌و یاخیبوو"
سەرباری هەموو ئەوانەش فەرمان مامە حەمە ئاماژە بەچەند سیفەتێكی جوانی دیكەی سۆرانی برای دەكاتەوەو دەڵێت:" سۆران كوڕێكی قسە لەڕوو بوو، بەردەوامی شتی راستی دەوت‌و پشتی حەقی دەگرت، سیفەتێكی زۆر جوانی تریشی ئەوە بوو كە كوڕێكی قانع بوو"


شاعیرێكی هەست ناسك‌و یارێزانێكی بەتوانا


جیاواز لەكاری رۆژنامەگەری، سۆران هەستێكی شاعیرانەی ناسك‌و جوانیشی هەبووە‌و خاوەنی دیوانە شیعری ( وەرزی بێتاقەت)ییە كە دوای شەهید بوونی چاپكراوەو چەند شیعرێكیش بۆ زمانی فارسیی‌و عەرەبی وەرگێڕدراوە، مامۆستا لەتیف هەڵمەتی شاعیر پێشكی بۆ دیوانەكەی نووسیوە‌و دەڵێت" لە شیعرەكانی سۆراندا خەیاڵی فراوان‌و وێنەی جوان بەدیدەكرێت، مرۆڤ بە خوێندنەوەیان سەرسام دەبێت‌و تام‌و چێژی شیعری راستەقینە دەكات، لە دووتوێیی شیعرەكانیدا جیهانێكی نوێ‌ دەدۆزیتەوە"


سەرباری ئەمەش شەهید سۆران عەشقێكی زۆری بۆ كاری هونەری‌و وەرزش هەبووەو بە گووتەی هاوڕێكانی سۆرانی مامە حەمە یاریزانێكی زۆرباش‌و لێهاتووی تۆپی پێش بووە، فەهمی رەحیم كە زیاتر لەحەوت ساڵ لە گەڵ سۆراندا یاریكردووە دەڵێت:" سۆران یاریزانێكی زۆر سپۆرت بوو، حەوت ساڵ پێكەوە یاریمان كرد، تەنها جارێك نەمدی دڵی كەسێك بیەشێنێ‌، سۆران هەم یاریزانێكی بەتوانابوو، هەم یاریزانێكی زۆر بەڕەوشتیش بوو" فەهمی هاوڕێی ئەوەش دەڵێت" سۆرانی مامە حەمە هاندەری هەڵبژاردەی بەرازیل بوو"


پرۆفایل
* (سۆران محەمەد عەزیز) ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە لە2/2/1986 لەگەڕەكی شۆریجەی كەركورك لە دایكبووە
* لە ساڵی 2003 وە دەستی بەكاری رۆژنامەنووسی كردووە
* شاعیرێكی هەستناسك‌و بە توانابووەو خاوەنی دیوانە شیعری (وەرزی بێتاقەتی)یە
* قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك بەشی (بیستن‌و بینین) بوو.
* بەرپرسی نوسینگەی كەركووكی گۆڤاری لڤین بوو.
* شەوی12/22 ی 2008 لەماڵەكەی خۆیاندا لەگەڕكی شۆریجەی شاری كەركووك شەهیدكرا


PM:07:34:24/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌