رێكخراوێك: پەرلەمانی كوردستان وەڵامی داواكاری پێدانی زانیاری ناداتەوە




میترۆ، رادیۆ نه‌وا 
لە بەدواداچونێكی رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنیدا دەركەوتوە، یاسای پێدانی زانیاری لە كوردستاندا بە رێژەیەكی زۆر كەم جێبەجێ دەكرێت، بۆیە داوا دەكەن یاساكە چالاك بكرێت.

لەوبارەیەوە ئارام سەردار لەتۆڕی رێكخراوی "تارگێت"، كە بەدواداچونەكەیان ئەنجامداوە، بە رادیۆ نەوای راگەیاند، یاسای پێدانی زانیاری لە كوردستاندا بە رێژەیەكی زۆر كەم جێبەجێ دەكرێت و تائێستاش لەسەرئاستی هەموو دەزگاكانی حكومەت تەنها چوار دەزگا بانكی زانیارییان هەیە، لەنێویشیاندا بانكی زانیاری پەرلەمانی كوردستان، كە وەڵامی پرسیارەكان ناداتەوە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، یاساكە رێگە بە هاووڵاتیان و رۆژنامەنوسانی كوردستان دەدات دەستیان بگاتە زانیارییەكان و ئاگاداری ئەو باس و بابەتانەبن، كە پەیوەستە بە خۆیان و ژیانی رۆژانەیانەوە.

لەلایەن خۆشیەوە فەرحان جەوهەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، یاسای پێدانی زانیاری یاسایەكی هەستیارە و ئێستا كە خراوەتە ئەستۆی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ جێیەجێكردنی، تەنها بەو دەستەیە جێیەجێ ناكرێت و ئەوەیشی باسی هەمواری دەكاتەوە دەبێت كەموكوڕییەكانی دەستنیشان بكات.

بەپێی ئەو راپۆرتەی رێكخراوی "تارگێت" بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دامەزراوە گشتیەكان بۆ پابەندبون بە پێدانی زانیاری بەو شێوەیەی لە یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری هاتوە، ئامادەی كردوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بڕیاردراوە چوار شوێن دەستنیشان بكرێن، كە ئاگاداریەكی تەواویان بەیاسای مافی دەستكەوتنی زانیارییەوە هەیە، داوای چەند زانیاریەكی سەرەتایی لەو دامەزراوانە كراوە، ئەو شوێنانەی داوای زانیاریان لێكرا بریتین لە "پەرلەمانی كوردستان، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ".

سەبارەت بە پرۆسەی وەڵامدانەوەكان بەشێوەیەكی گشتی رێكخراوەكە ئەم تێبینیانەی هەیە:
1-جگە لە پەرلەمانی كوردستان، دامەزراوەكانی تر وەڵامی داواكاریەكەیان دایەوە، بەڵام لە رووی كاتەوە خێرا نەبوون، بەشێكیان بەهۆی ئەوەی فەرمانبەری تایبەتمەند لە پشوو بوە، یان بەهۆی كاروباری ترەوە وەڵامەكان دواكەوتوون، ئەگەر بتوانن كەسی تایبەتمەند و كەسی جێگرەوەش هەبێت لەكاتی پێویستدا، ئەوا وا دەكات كاروبارەكان خێراتر بڕوات.

2-ئیمەیل و ژمارەی پەیوەندیدار یان بەردەست نین یاخود زۆر درەنگ وەڵام دەدرێنەوە، پێویستە رۆژانە ئیمەیلەكان سەیر بكرێن و ژمارە تەلەفۆنەكان كارابن.

3-بەگشتی هەنگاوی زیاتر بۆ بەهێزكردنی بانكی زانیاری دامەزراوەكان پێویستە.

4-دامەزراوەكان كڵێشەی دیاریكراویان نییە بۆ وەڵامدانەوە كە تایبەت بێت بە بانكی زانیاری، پێویستە كڵێشەی تایبەت بۆ نوسراوەكان دابنرێت كە پەیوەندیدارە بە داواكردنی زانیارییەوە.


لەلایەكی دیكەوە بەپێی راپرسییەك كە لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجامدراوە، هاووڵاتیان ئاگاداری یاسای بەدەستهێنانی زانیارین، بەڵام 77%یان دەڵێن لە دامەزراوەكانی حكومەتدا زانیارییان پێنادرێت و دەشاردرێنەوە.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی بەهاوكاری سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی NEDی ئەمریكی، ئەنجامی راپرسییەكیان راگەیاند، كە لەماوەی 15 تا 30-6ی ئەمساڵ  ئەنجامدراوەو بەپێی زانیارییەكانیش 450 فۆڕم دابەشكراوە، كە پێنج پرسیار لەخۆی دەگرێت و تەمەنی زۆربەی بەشداربووانیش لەنێوان 31 تا 43 ساڵیدایە و زۆرینەشیان مێینەبون.

%51ی بەشداربوان دەڵێن زانیاریان لەبارەی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان هەیە، %79شیان كارپێكردن بە یاساكە بە گرنگ دەزانن، 93%ی بەشداربوان پێیان باشە هەركاتێك داوای زانیاری كراو دەزگاكان پێیان نەدان، سكاڵایان لەسەر تۆمار بكرێت.

بەپێی ئەو راپرسیە، 43%ی هاووڵاتیان دەڵێن وەك پێویست هاوكاری نەكراون لەوەرگرتنی زانیاری یاسایی، 77%ی بەشداربوانیش دەڵێن حكومەت لە بڵاوكردنەوەی داتا و زانیاریەكان بۆ خەڵك و رای گشتی لە ئاستی پێویستدا نییە و زانیاری پێویست دەشارێتەوە.




PM:12:08:29/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌