سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ: ئامادەی هەموو هەمئاهنگییەكین لەگەڵ میترۆ




میترۆ، سلێمانی
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ سەنتەری میترۆو هەوڵە جدییەكانی بۆ فراوانكردنی پرۆسەی چاودێری مافی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنوسی لە شارەكانی هەرێم راگەیاند و هیوای خواست پێكهێنانی تۆڕی میترۆ بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ فراونتر بكرێت و سەركەوتوبن لە كارەكانیان.

لە كاتی سەردانی سۆران عومەر بۆ ئۆفیسی سەرەكی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە سەنتەری میترۆ كرد بۆ پێكهێنانی (تۆڕی میترۆ بۆ چاودێری مافی مرۆڤ) و، رایگەیاند ئامادەی هەموو هەمئاهەنگییەكین بۆ سەركەوتنی ئەو تۆڕەی كە چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ دەكات لە شارەكانی هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان داوای لە سەنتەری میترۆ كرد وەك چۆن چاودێری یاسای كاری رۆژنامەنوسی دەكەن پێویستە بە هەمان تواناوە چاودێری یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری بكەن كە زۆر گرنكە بۆ پێشخستنی دیموكراسیەت و بەرەنگاربونەوەی ناتەواوی دامەزراوەكان و رووبەرووبونەوەی گەندەڵی.

دیاری محمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، بەناوی ئامادەبوانەوە سوپاسی سۆران عومەری كرد كە، سەركەوتووانە كاری لە لیژنەی مافی مرۆڤ كردووە و پشتیوانی سەنتەری میترۆشبووە.

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ باسی لەو دوو راپرسییەكرد كە لەماوەی رابردودا سەنتەری میترۆ لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە مافی دەستكەوتنی زانیاری لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامیدابوو.

وتی" وەك چۆن پەرۆشین بۆ جێبەجێكردنی یاسای كاری رۆژنامەگەری بەهەمان شێوە پەرۆشین بۆ جێبەجێكردنی مافی دەستكەوتنی زانیاری".

لەو دیدارەدا چەندین پرسیار سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ ورۆڵی لیژنەكەیان ئاراستەی سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ كرا، ئەویش راشكاوانە وەڵامیدانەوە. 


PM:01:46:01/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌