راگەیەندراوی رۆژنامەوانی



میترۆ، سلێمانی‌

ئەمڕۆ (شەممە 4 ی ئابی 2018) لە ئۆفیسی سەرەكیی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی، كۆبوونەوەی كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و هونەرمەند و چالاكوانی مەدەنی بەڕێوەچوو. بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بەو هەڵمەتە رێكخراوەی كە لە هەندێك میدیای حزبی و سێبەر و تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە دەكرێت بە مەبەستی سووكایەتیكردن بەو رۆژنامەنووسانەی كە كاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانن.

ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە، بەتوندی ئیدانەی ئەو هەڵمەتەیان كرد. خەختیان لەوە كردەوە هەموو هاوڵاتییەك بەپێی مەرجەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، دەرفەت و مافی خۆكاندیدكردنی هەیە و پێداگرانە بەرگرییان لەو مافە كرد.

ئامادەبووان هاوڕا بوون لەوەی رۆژنامەنووسانی ناو لیستە ركابەرەكان مافی خۆیانە وەك كاندید بچنە ئەو كێبڕكێ دیموكراسییەوە و لێسەندنەوەی ئەم مافە، یاخود سووكایەتی و راگەیاندنی هەڵمەتی ناوزڕاندن بەرامبەریان، نەریتێكی نادیموكراسی و دواكەوتووە. لەوەش زیاتر، بە شێوەیەكی نەشیاو بەسەر ئەنجامدەرو ئەندازیارانی ئەم جۆرە هەڵمەتەدا، دەشكێتەوە.

تێگەیشتنی تێكڕای ئامادەبووان، ئەوە بوو باشترە هاوڵاتیان لەسەر بنچینەی بەرنامەی كاندیدەكان حوكم بدەن، نەك لەسەر بنچینەی پیشەكانیان. دەیانوت "ئێمە پێمانوایە هەموو خاوەن پیشەیەك رێزلێگیراوە و نابێت خاوەنی هەر پیشەیەك بەئامانج بگیرێت. بەڵام ئاساییە بەرنامەكانیان بۆ گۆڕینی كۆمەڵگا، جێگەی مشومڕی هاوڵاتیان بێت و ئازادانە لە چوارچێوەی دیالۆگی دیموكراتییانەدا، هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن."

ئامادەبووان لە كاتێكدا پشتیوانی خۆیان بۆ مافی كاندیدكردنی هەموو خاوەن پیشەیەك بەگشتی و رۆژنامەنووسان بە تایبەتی رادەگەیەنن. داواش دەكەن پەیوەندی وململانێی لیستە ركابەرەكان لەگەڵ یەكترو لەناو خۆیاندا دیموكراسیانە ململانێ بكەن، لەبری تەرخانكردنی بودجە و تواناكانیان بۆ سوپای ئەلیكترۆنی دیارو نادیاری ناو پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای سێبەر و پەیجی شەبەح و سایتی بەكرێگیراو، پەنا بۆ دیالۆگی شارستانییانە و مەدەنی ببەن.


PM:05:41:04/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌