هیومان رایتس ۆوچ داوا لەئێران دەكات هەشت چالاكوانی ژینگە ئازاد بكات





میترۆ،ئاوێنە


رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران بەپەلە ئەو هەشت چالاكوانەی ژینگە ئازادبكەن كە ماوەی شەش مانگە دەستبەسەكراون لەكاتێكدا هیچ تۆمەتێكیان نەدراوەتە پاڵ لەوەی هەڵسابن بە تاوانێكی ئاشكراو هیچ بەڵگەیەكیش نییە وەك پاساو بۆ درێژەدان بە دەستبەسەركردنیان.

رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردوە رۆژی 31ی تەمموز لە نامەیەكی كراوەدا بۆ بەرپرسانی باڵا، خانەوادەی ئەو هەشت چالاكوانەی ژینگە رایانگەیاندوە خزمەكانیان لە زیندانی ئەوین لە تاران دەستبەسەركراون بەبێ ئەوەی رێگەیان بدرێت پەیوەندی بە پارێزەرەوە بكەن و داواشیان كردوە رێگەیان بدرێت سەردانیان بكەن بۆ ئەوەی ئاگاداری بارودۆخیان بن لەزینداندا.

 

رۆژی 24و 25ی كانونی دوەمی ئەمساڵ، دەزگای هەواڵگری سەر بە سوپای پاسداران ئەندامانی كۆمەڵەیەكی ژینگەییان دەستگیركرد، كە تۆمەتباریان دەكەن بە بەكارهێنانی پرۆژەكانی ژینگە وەك پەردەیەك بۆ كۆكردنەوەی زانیاری نهێنی ستراتیژی.

 

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە رون نییە سروشتی ئەو زانیارییە نهێنییە ستراتیژیانە چییە كە ئەو كەسانە توانیبێتان كۆیان بكەنەوە، چونكە كۆمەڵەكە كاری لەسەر پاراستنی روەك و گیانداران كردوە لەئێران.

 

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە 10ی شوباتدا، خانەوادەی كاوس سەید ئیمامی، كە چالاكوانی ژینگەیەو لەچوارچێوەی هەڵمەتێكدا دەستیگركرا، رایانگەیاند ناوبراو لەبارودۆخێكی نادیاردا لەزیندان گیانی لەدەستداوە. دەسەڵاتدارانی ئێران بانگەشەی ئەوەیان كرد كە خۆی كوشتوە، بەڵام هیچ لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەن لەبارەی مردنییەوە ئەنجام نەدراوە.

 

هەروەك پارێزەری دوان لەدەستگیركراوەكان بۆ هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە كە داواكاری گشتی رێگەی نەداوە نوێنەرایەتی ئەو دو كەسە بكات و هەروەك رێگەشی نەداوە كەیسەكانیان بخوێنێتەوە.

 

رێكخراوەكە لەزای سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە خانەوادەی دەستگیركراوان نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەكیان لەسەر تۆمەتباركردنی ئەو چالاكوانانە دەستبكەوێت. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە لەمیانی سەردانێكدا كە خزمانی دەستگیركراون ئەنجامیان داوە، بینیویانە كە یەكێك لە دەستگیركراون دانی شكاوەو یەكێكی دیكەشیان شینبونەوە لەسەر لوتی دەركەوتوە.

 

بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە سوپای پاسداران لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیكەی 50 چالاكوانی ژینگەی لەو وڵاتە دەستگیركردون.


PM:06:05:04/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌