سلێماتنى:دووەمین ساڵیادی‌ تیرۆرکردنی‌ وەدات حسێن کرایەوە





میترۆ، سلێمانی‌ 
ئێواره‌ی‌ ئه‌مرۆ  له‌ هۆڵی‌ هۆتێل مه‌م و زین له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ ئامادەبوونی‌ ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و به‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌ندامانی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ یادی‌ دووەمین ساڵیادی‌ تیرۆرکردنی‌ وەدات حسێن، کرایەوە. 

له‌و مه‌راسیمه‌دا شنه‌ فایەق، سەرنوسەری‌ ئاژانسی‌ هەواڵی‌ ڕۆژنیوز،  وتاری‌ ئاژانسی‌ ڕۆژنیوزی‌ خوێندەوە وتی‌: ئەمڕۆ دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆری پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە شاری دهۆک وەدات حسێن،بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بکوژان نادیارن و لەلایەن دەسەڵاتدارانی سنوورەکە بەگشتیی و دەزگا ئەمنییەکانەوە بەتایبەت هیچ سەرەداوێک ئاشکرا نەکراوە.


ناوبراو ئاماژەی‌ بەوەشکرد،کە وەک لە پێشتردا وتوویانە دەسەڵاتی ئەمنیی پاریزگای دهۆک بە بەرپرسیار دەزانین لەو تیرۆرە، تا ئاشکرا کردنی تاوانبارە سەرکییەکان، چونکە بیانووی جۆراوجۆر بۆ پەردەپۆشکردنی ئەوتاوانە خراونەتەڕوو، لەنێوایاندا دەڵێن، کە زیاتر لە ١٠٠ کامێرای چاودێریی ئەو شەقامانەی وەداتی تیدا ڕفێندرا لە کارکەوتووە، ئەمەش دونیایەک گومان دەخاتەسەر تیرۆرەکە و تیرۆرکەران ڕوون دەکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا شنه‌ فایەق، داوای‌ لە ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان كرد، کە بتوانن فشاریی جدی دروستبکەن بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارانی تیرۆری وەدات و رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکانی دیکە، هەروەها جەختی‌ لەوە کردەوە، کە درێژەپێدەریی ئامانجەکانی شەهیدان، وەدات حسێن، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، سۆرانی مامە حەمە، نۆژیان ئەرهان و شەهیدانی دیکەی ڕاگەیاندنی ئازاد دەبین و بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان بەهێزتر تێدەکۆشن.

سەرنووسەری ڕۆژنیوز، جەختی لەوەشکردەوە، کە کەیسی تیرۆرکردنی وەدات بەکراوەیی دەهێڵنەوە تا ئەوکاتەی دەسەڵاتێکی دادپەروەر دێتە ئاراوە و تاوانباران و بکوژانی ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕوویی دادگایەکی عادیلانە دەکاتەوە.

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا  دیاری‌ محەمەد، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ له‌ وتارێ‌كی‌ خوێندەوە و وتی‌: وا ساڵێكی دیکەی چاوەڕوانی بەدیار چارەنوسی كەیسی رۆژنامەنوسی شەهید ودات حسین بەڕێدەكەین، بە بێ ئەوەی لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی رووداوی تیرۆركردنی ئەم جوانەمەگە هەست بە لێكۆڵینەوەیەكی جدی بكەین ، لێكۆڵینەوەیەك كە بمانگەیەنێتە سەر حەقیەقەت وعەدالەت.


وتیشی‌: دووساڵە ئێمەو ئێوە چاومان بڕیوەتە دەزگا ئەمنیەكانی پارێزگای دهۆك تا تاوانباران دەسگیربكەن و لە دادگایەكی عادیلانەدا حوكم بدرێن، بەڵام بەداخەوە كەیسی شەهید (وەدات)یش وەك كەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو بكوژانی ئازادن، دەزگا ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان خاوەنی بودجەیەكی گەورەن و ئیمكانیاتێكی زۆریان بۆ دابین كراوە، ئەم هێزانە توانیویانە گروپی گەورەی تیرۆریستی ئاشكرا بكەن، بۆیە ئێستا خەڵك و خانەوادەی قوربانییەكان مافی خۆیانە لەم كەیسانە

گومان بكەن و بپرسن بۆچی بانێكەو دوو هەوا؟


دوابه‌دوای‌ وتاره‌كان خەڵاتی‌ وەدات بۆ ئازادی‌ ڕۆژنامەنووسی‌ پێشکەشی‌ هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان کاروان سالار و نیاز عەبدوڵا کران، لەپێناو ئەو هەوڵ و ماندوبوونانەی‌ بۆ ئازادی‌ ڕۆژنامەنووسی‌ داویانە لە هەرێمی‌ کوردستاندا.

هەروەها ئاژانسی ڕۆژنیوزیش خەڵاتێکی تایبەتی بەخشییە سەنتەری‌ میترۆ، لەپای ئەو هەوڵانەی‌ داویانە بۆ گەیاندنی‌ دەنگی‌ ڕۆژنامەنووسانی‌ باشوری‌ کوردستان بە دنیای‌ دەرەوە و ئەو بەدواداچوون و هەوڵانەی‌ داویانە بۆ یەکلاکردنەوەی‌ کەیسی‌ ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکانی‌ باشوری‌ کوردستان.


هاوكات سه‌نته‌ر میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان سوپاس و پێزانینی‌ خۆی‌ ئاڕاسته‌ی‌ ئاژانسی‌ رۆژنیوز ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر به‌خشینی‌ خه‌ڵاتی‌ ویداد بۆ ئازادی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ به‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ. 



PM:07:15:13/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌