رۆژنامەنووسێک جنێو دەکاتە کتێب!




میترۆ، سلێمانی‌ 
وەرگێڕانی: شەوقی کانەبی

حەسنەین کازم، رۆژنامەنوسێکی ئەڵمانەو لە دایکێکی هیندی و باوکێکی پاکستانی لە ئەڵمانیا لە دایکبووە. حەسنەین بەهۆی باکگراوندە بیانیی و نوسینە رەخنەییەکانی لە راسیزمی ئەڵمانی لە لایەن ئەڵمانە راستڕەوەکانی سەر بە پارتە ڕاستڕەوە توندڕۆکانی ئەڵمانیا نامەی جنێو وهەڕەشە ئامێزی ئاراستە دەکرێن.

حەسنەین، لەو رەیسیست و جنێو فرۆشە ئەڵمانانە بێدەنگ نەبوو کە لە ڕێگەی پۆست و ئیمەیل و فەیسبووک ڕقیان ئاراستە دەکرد، بەڵکو وەڵامی داونەتەوەو دواتریش لە کتێبێکدا بە ناونیشانی پۆستەکانی کارلهاینز نامە گۆڕینەوەکانی لەگەڵ ئەڵمانە توندڕەوەکان بڵاودەکاتەوە.

 ئەو تێکستەی خوارەوە بەشێکە لە ناوەڕۆکی کتێبەکە لە ئەڵمانیەوە کردومە بە کوردی. 
کارلهاینز ئێس، بە ناونیشانی راستەقینەی خۆی لە ٢٩ ی نۆڤێمبەری ٢٠١٦ کاتژمێر ٢ و سێ خولەکی دوای نیوەڕۆ بۆی نوسیوم:
بەڕێز کازم، 
تۆ کەسێکی زۆر پیس نووسیت، هەمیشە وەک دژە ئەڵمانێک دەنوسیت و بیردەکەیتەوە. تا ئێستا نوسینێکی مەعقولی تۆم نەخوێندۆتەوە. رێگە بە خۆت دەدەیت وەک بیانییەک بەو تۆنە ناخۆشەتەوە ئێمەی ئەڵمان دەرس بدەیت. 
تۆ وەرە بۆ لای من ئینجا پیشانت دەدەم ئەڵمانی راستی کێیە!

- وەڵامی من لە هەمان رۆژدا لە کاتژمێر ٥ و ٢٥ خولەکدا:
بەڕێز کاک کارڵهاینز، 
زۆر سوپاس بۆ نامەکەت و زۆر خۆشحالم بە داوەتەکەتان و دێمە خزمەتتان. بەڵام بە رێکەوت لەگەڵ خانەوادەکەم( داپیرو باپیرم، دایک و باوکم، خوشک و براکانم، سێ ژنەکانم(چوارەمیان لە نەخۆشخانەی مناڵبوونە چاوەڕێی لە دایکبوونی مناڵی شەشەمیەتی)، هەشت لە منداڵەکانم، ١٧ ئامۆزا، ١٧ کچەمام و ٢٢ لە منداڵەکانیان) لە نزیکتان لە گەشتێکی خێزانیداین، خۆشحاڵ دەبین رۆژی یەکشەممە ٤ی دێسێمبەر سەردانتان بکەین و بەیەکەوە یادەکەتان پیرۆز بکەین. هەموومان بە پەرۆشەوە دەمانەوێت لە جەنابتان فێربین کە "ئەڵمانی ڕاستی" کێیە!
لەگەڵ رێزی زۆرم، 
حەسنەین کازم

- کارلهاینز ئێس لە ٣٠ی نۆڤێمبەری ٢٠١٦ وەڵامی داوەتەوە:
دەبێت ئەوە نوکتە بێت؟؟!

-وەڵامی من لە کاتژمێر ١١ و ٤٥ خولەکدا:
بەڕێز کاک کارڵهاینز،
نا بە جدی ئێمە لێتان نزیکین و خۆشحاڵ دەبین بە داوەتەکەتان. تەنها یەک پرسیارێک: ئێمە بە دوو پاسی گەورە لە گەشتین، ئایا لەو شارە بچوکەی ئێوە پارکی ئۆتۆمبێل هەیە پاسەکانی لێ بوەستێنین؟ نامانەوێت ژنەکەت زۆر ئەزیەت بدەین هەر کێک و چا بەشی ئێمە حازر بێت بەسە. خۆشمان کێکی فڕن دێنین، سێ بزنیشمان هێناوە لە باخچەکەی ئێوە سەریان دەبڕین. ئایا ئاگردانتان لە باخەکەدا هەیە کە بتوانین گۆشتەکەی لە سەر ببرژێنین؟ ژنی یەکەم و دوەمم زۆر باش دەزانن گۆشت ببرژێنن. 
بە هیوای دیدار،
حەسنین کازم

-کارلهاینز ئێس، کاتژمێر ١و حەوت خولەک وەڵامی داوەتەوە:
ئەمە نوکتەیە!!!! لە لایەکی دیکەش ئێمە رۆژی یەکشەمە لە ماڵ نین!

-وەڵامی من لە کاتژمێر ٧ و پەنجا خولەک:
بەرێز کاک کارڵهاینز، 
هیچ قەلەق مەبە، ئێمە دێین سەرێک دەدەین، ئاساییە ئەگەر ئێوەش لە ماڵ نەبن، خێمەیەکمان پێیە لە باخچەکەتان هەڵیدەدەین و بیر لە ئەڵمانیا و بۆنەکەتان دەکەینەوە. ئێوەش دەبێت ئێوارە بگەڕێنەوەو لەگەڵمان پیرۆزی بکەن. ڕێزی زۆرم، 
حەسنەین کازم 
تکایە: پێش ئەوەی لە ماڵ دەرچن سۆندەی ئاوەکە لە دەرەوە جێبهێڵن بۆ ئەوەی دوای سەربڕینی بزنەکان ئەوێ پاک بکەینەوە.

-کارلهاینز ئێس، کاتژمێر ١٠ ی ١ی دێسێمبەر وەڵامی داوەتەوە:
تۆ ئەوەت بە جدی نیە. زۆر پێکەنیناویە. حەزم لە گاڵتەکانتە.

-وەڵامی من لە هەمان رۆژدا کاتژمێر ٢ و شەش خولەکی دوای نیوەڕۆ:
بەڕێز کارڵهاینز، 
ئێمەی موسڵمان لەکەیەوە گاڵتەجاڕ بووینە، خۆت دەزانی ئێمە وانین. 
بۆچی لە داوەتەکەت پەشیمان بویتەوە، ئێمە دێینە لات و دەمانەوێت لێت فێربین کە ئەڵمانی راستەقینە کێیە. پێم بڵێوە ئەگەر پێویستت بە شتێک بوو، ئێمە دێین و دڵخۆشدەبین!
لەگەڵ رێزم، 
حەسنەین کازم
تکایە: سۆندەکەت بیرنەچێت. نامەوێت لەگەڵ ژنەکانم توشی کێشەببم، ئەگەر نەتوانین گۆشت ببرژێنین! خێزانێکی گەورە بە برسێتی بگەڕێتەوە ماڵ ئەمە گاڵتە نیە!

-کارلهاینز ئێس، کاتژمێر ٣ و چارەگی ئێوارە وەڵامی داوەتەوە: 
زۆر بەڕێز کاک کازم، 
دەمەوێت بۆ یەکەم ئێمەیلم داوای لێبوردن بکەم! من مەبەستم ئەوە نەبوو کە تۆ بە جدی بێیتە لای من، بەڵێ راستە من لە تۆ توڕەبووم! بەڵام بەبێ بیرکردنەوە لێت توڕەبووم و مەبەستم ئەوە نەبوو. سەرەڕای ئەوەش هیوای بۆنەیەکی خۆشت بۆ دەخوازم.

-وەڵامی من لە کاتژمێر ٤ی ئێوارە:
کارڵهاینز، ئێمە دێین. تۆ بتەوێت یان نا! هەروەها سۆندەکەت بیرنەچێت!



AM:10:54:19/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌