هەندێ هەواڵی ميدیاكان بەشدارن لە كۆمەڵكوژی شەنگالییەكان





سلێمانی، 6ی ئابی 2014: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست و هەڵە بەشێك لە هەواڵی میدیاكان بەشداربوون لەو كۆمەڵكوژییەی (داعش) بەرامبەر خەڵكی مەدنی شەنگال ئەنجامایندا.

شەوی شەممە 2ی ئابی 2014 هێزەكانی (داعش) هێرشیانكردە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و رۆژی یەكشەممە 3ی ئابی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەنگال كشانەوە هێزەكانی داعش توانیان شارەكە بە تەواوەتی كونترۆڵ بكەن.

لە ترسی چەكدارەكان خەڵكی شاری شەنگال و گوندەكانی دەورووبەری بەرەو چیای شەنگال بەڕێكەوتن ئێستا سەدان خێزان بە بێ نان ئاو لەو شاخە گیریان خواردوە. هەواڵەكان باس لە كارەساتی مرۆی دەكەن لە شاخەدا.

عوسمان خەلەف ئیسماعیل خەڵكی ناحیەی سنونی سەر بە قەزای شەنگالە ئەو رۆژی داعش ئاڵای رەشی لە شارەكە هەڵكرد رویانكردە چیای شەنگال.
بە میتروی راگەیاند سەدان خێزان كە ئێمە یەك لەو خێزانانە بوین رومانكردە چیای شەنگال وتی " پاش 24 كاتژمێر لە رێگەی خزمانەوە كە زۆر بە زەحمەت پەیوەندییەكانمان وەردەگرت پێیان راگەیاندین كە میدیاكان دەڵێن ئێستا ئاڵای كوردستان لە شەنگال دەشەكێتەوە پێشمەرگە رزگاریكردوە"

خێزانەكەی عوسمان لەگەڵ ئەو خێزانانە دەچنە خوارە بەڵام ئەمان لە ناوەڕاستی رێگادا باوەڕناكەن و دەگەڕێنەوە وتی" ئەوانەی دابەزین دەیان كەسیان دەسگیركران و داعش قەتلوعامی كردن"
عوسمان ناوی چەندین كەناڵی راگەیاند راگەیاند كە ئەو هەواڵانەیان بڵاوكردۆتەوە ناوی كەناڵەكان لە لای سەنتەری میترۆ، پارێزراوە.

هەروەها حسین ناسر كە ئەویش یەكێكە لەو كەسانەی لە هەڵمەتی كۆكوژی رزگاری بووە بە میترۆی ووت" دڵنیاتان ئەكەمەوە هەواڵی راگەیاندنەكان بوون كە بە لە رێگەی خزمانەوە بە ئێمە دەوترا ئەو خەڵكە ویستیان ژیانیان نەجات بدەنو كەتنە دەستی ئەو دڕندانە"
دوێنی سێشەممە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكانی بۆ مناڵان " UNICEF" رایگەیاند 40 مناڵ لە تایفەی ئیزیدی لە ناوچەی شەنگال بە هۆی توندوتیژی نەبونی ئاوی خواردنەوە گیانیان لەدەستداوە.

" UNICEF" دەڵێت خێزانەكانی شەنگال كە لە ناویاندا 25 هەزار مناڵ هەیە پێویستییەكی زۆریان بە هاوكاری مرۆیی هەیە.
سەرنجێكی خێرای كەناڵەكانی راگەیاندن ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە هەواڵێكی زۆری بەرەكانی جەنگ سەرچاوەی رەسمی سەربازی پشتڕاستی نەكردۆتەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە میدیكانی كوردستان دەكات بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵی بەرەكانی جەنگ لەگەڵ داعشدا بكەن " وردبینی راستگۆیی نەكەنە قوربانی پێشبڕكێی بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی خێرا." جەختدەكەینەوە " هەندێ هەواڵ و زانیاری ناڕاست و بێ بنەمای كەناڵەكانی راگەیاندن بەشدارن لە تاوانی كۆمەڵكوژی خەڵكی مەدنی گیرخواردوو لە شاخی شەنگال"

مامەڵەكردن لەگەڵ زانیارییەكان كە لە بەرەكانی جەنگی هێزی پێشمەرگەو داعش ئەوپەڕی وردبینی و بەرپرسیارێتی پێویستە. با " لە هەواڵی هەستیاردا وەك هەواڵەكانی هێرش و پاشەكشە ددان بە خۆیاندا بگرن چاوەڕوانی مانفیستی رەسمی وەزراەتی پێشمەرگە بكەن یان خۆیان پەیوەندیان پێوە بكەن" 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر( رازاو شەریف، هیوا عوسمان، عمار الشابندر، توانا عوسمان، رەحمان غەریب) دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.


PM:06:07:06/08/2014




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌