ڤیدیۆ.. ملیۆنێرێكی‌ به‌ته‌مه‌ن له‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆدا به‌دوای‌ هاوسه‌ردا ده‌گه‌ڕێت
AM:11:57:12/09/2018


میترۆ، K24
بنجامین سلید، هاووڵاتییه‌كی‌ به‌ساڵاچووی‌ به‌ریتانیایه‌ و له‌ رووی‌ داراییه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ملیۆنێره‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت، له‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆی‌ كه‌ناڵێكدا خواستی‌ خۆی‌ بۆ په‌یداكردنی‌ هاوسه‌رێك بۆ ژیانی‌ ئاشكرا كرد.

سلید ته‌مه‌نی‌ 72 ساڵه‌ و له‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆی‌ كه‌ناڵێكدا رایگه‌یاند، به‌دوای‌ ژنێكی‌ 35 ساڵدا ده‌گه‌ڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیكاته‌ هاوسه‌ری‌ خۆی‌.

هه‌روه‌ها گوتی‌: ده‌مه‌وێت ئه‌و ژنه‌، ببێته‌ ژنی‌ ماڵ و بتوانێت ته‌قه‌ بكات و ئۆتۆمبێل و هێلیكۆپته‌ر لێبخوڕێت.

سلید مه‌رجی‌ دیكه‌شی‌ هه‌بوو، بۆ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ و گوتی‌: ده‌مه‌وێت مناڵ بخاته‌وه‌. چونكه‌ خه‌ون به‌ میراتگرێكه‌وه‌ ده‌بینم.

روونیشیكرده‌وه‌، ماڵه‌كه‌ی‌ پێویستی‌ به‌ پاكوخاوێنییه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ پاككه‌ره‌وه‌ پاره‌ی‌ زۆریان ده‌وێت، پێی‌ خۆش نییه‌ ئه‌وان بانگ بكات بۆ كاركردن و گوتیشی‌: هاوسه‌رگیری‌ له‌گه‌ڵ ژنێكدا، هه‌موو پێداویستییه‌كانم دابین ده‌كات. گرێبه‌ستێكی‌ باش ده‌بێت و دوو شت به‌ یه‌ك نرخ به‌ده‌ست ده‌هێنم.

به‌ گوێره‌ی‌ زانیارییه‌ میدیاییه‌كان زۆرێك له‌ بینه‌رانی‌ به‌رنامه‌كه‌ ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ملیۆنێره‌ به‌ساڵاچووه‌ بژین و به‌ پیاوێكی‌ شایسته‌ وه‌سفیان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌: رووسیالیه‌وم