‌به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌ی‌ سلێمانی: به‌یانی مۆڵه‌ت ده‌ده‌ینە به‌هادین نوری‌ بۆ چاپكردنی‌ كتێبه‌كه‌ی‌
PM:03:13:12/09/2018

میترۆ، وێستگه‌ نیوز 
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌ی‌ سلێمانی رایگه‌یاند كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ بۆ فراوانكردنی ئازادی راده‌ربڕین، نه‌ك به‌رته‌سككردنی، ئاشكراشیكرد كه‌ به‌یانی وه‌ڵامی به‌هادین نوری‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و مۆڵه‌تی‌ ده‌ده‌نێ‌ بۆ چاپكردنی‌ كتێبه‌كه‌ی‌.

رۆژی‌ 10ی‌ ئه‌یلولی‌ 2018 به‌هادین نووری، نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌داری گه‌وره‌ی كورد رایگه‌یاند كه‌ "بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی (پرسی كورد و ئه‌زموونی كورستانی عیراق) داوای ژماره‌ی سپاردنم له‌ هه‌ولێر كرد، كتێبخانه‌ی گشتی، كه‌ به‌قسه‌ به‌رپرسی پێدانی ژماره‌ی سپاردنه‌، داواكه‌ی هه‌واڵه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كرد و له‌وێ ته‌گه‌ره‌ی تێخرا، تا ئێستا ژماره‌ی سپاردنیان نه‌داوه‌، دواتر داوام له‌ كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی كرد له‌وێش، له‌ ژووری ژماره‌ی پێسپاردن، ته‌گه‌ره‌ی تێخرا".

دوێنێش له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا به‌هادین نووری وتی‌: "به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی كاك ئالان ره‌ئوف داوای مۆڵه‌تی هه‌تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵاممان بداته‌وه‌. داوای لێبووردن ده‌كه‌م كه‌ له‌ نووسینی پێشتر ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌ نه‌كرد.
من چاوه‌ڕوانی پێنجشه‌ممه‌م".

له‌ لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌ نیوز، ئالان ره‌ئوف به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌ی‌ سلێمانی وتی‌: "به‌پێی روونكردنه‌وه‌كه‌ی مامۆستا به‌یانی وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه‌ و وه‌ڵامه‌كه‌ش پێدانی مۆڵه‌ت ده‌بێت به‌  كتێبه‌كه‌ی".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كتێبخانه‌ی‌ سلێمانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كین بۆ فراوانكردنی ئازادی راده‌ربڕین، نه‌ك به‌رته‌سككردنی، ئه‌وه‌ی رای پێچه‌وانه‌ی هه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌".

به‌هادین نووری له‌ باره‌ی ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "من له‌و كتێبه‌دا بیره‌وه‌ریه‌كانی هه‌شتا ساڵی خۆم نوسیوه‌ له‌سه‌ر كوردستانی عیراق، ئه‌وی نووسینه‌كه‌ی پێ هه‌ڵه‌یه‌ بابفه‌رموێ له‌ دژی بنووسێ و داری له‌سه‌ر به‌ردی نه‌هێڵێ، نه‌منووسیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یان ئه‌و حزبه‌م لێڕازی بێت، نووسیومه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رووداوه‌كان له‌ بۆچوونی خۆمه‌وه‌ بخه‌مه‌ به‌رده‌می خوێنه‌ران، حه‌زده‌كه‌م به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی هێمن بڵاوی بكه‌مه‌وه‌، له‌وه‌ دڵنیام كه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌ی سپاردنم نه‌درێتێ ژماره‌ی خوێنه‌ر چه‌ند قات زێتر ده‌بێ و له‌م زه‌مانه‌شدا رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ زۆره‌".

لای خۆیه‌وه‌ توانا عوسمان، رۆژنامه‌نووسی دیاری كورد له‌ باره‌ی كتێبه‌كه‌وه‌ داوای له‌ به‌هادین نووری كردووه‌، به‌بێ ژماره‌ی سپاردن كتێبه‌كه‌ بڵاوبكاته‌وه‌.

توانا له‌ فه‌یسبوكی خۆی نووسیویه‌تی: "بیستم كه‌ دوا كتێبت له‌سه‌ر مێژووی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كوردستان (كه‌خۆت به‌شێك بویت تیایدا) مۆڵه‌تی چاپكردنی نه‌دراوه‌تێ و به‌ناوی ته‌شهیره‌وه‌ ژماره‌ی سپاردنت وه‌رنه‌گرتوه‌".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "من وه‌ك خوێنه‌رێك و هه‌وادارێكی مێژوو، پێموایه‌ فره‌یی گێڕانه‌وه‌كان و ناكۆكی گۆشه‌نیگاكان بۆ رووداوه‌كانی مێژوو باشترین و تاكه‌ رێگان بۆ روونبونه‌وه‌ی دیمه‌نه‌ ته‌ماوییه‌كانی مێژوو، هه‌ربۆیه‌ به‌توندی له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌تم، ئه‌گه‌ر به‌بێ مۆڵه‌تیش كردبێتت".

توانا ده‌شڵێت: "مامۆستا به‌هادین، تۆ كه‌ی ترسنۆك بویت؟ تۆ له‌ 1953 دا له‌ به‌غدا به‌سواری مۆتۆڕسكیله‌وه‌ به‌یاننامه‌ی نهێنی حزبی شیوعیت به‌ ئاشكرا بڵاوده‌كرده‌وه‌، كتێبه‌كه‌ت به‌بێ ژماره‌ی سپاردن چاپ بكه‌ و نهێنیه‌كانیمان بۆ ئاشكرا بكه‌".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "كێ هه‌یه‌ به‌ته‌مه‌نی 91 ساڵی بنوسێت؟ كێی تر هه‌یه‌ وه‌ك تۆ رۆژگارێك سه‌ركرده‌ بوبێت و ئێستا له‌ خانووی گونده‌كه‌یدا مته‌وازیعانه‌ بژی و ئاوڕ بۆ رووداوه‌كانی دواوه‌ بداته‌وه‌؟ ته‌بعه‌ن نییه‌".

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ دیاره‌ی كورد ده‌شڵێت: "له‌سه‌رده‌مێكدا كه‌ سه‌فقه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و ئه‌منی و ئابووری یه‌كلایه‌نه‌ ده‌كرێت، تۆ به‌ته‌مای كتێبه‌ بێكه‌سه‌كه‌ت یه‌كلاینه‌ چاپ نه‌كه‌یت!! ئه‌بێت هه‌ر بیكه‌یت، ئه‌گه‌ر كێشه‌ی دارایشت هه‌یه‌ به‌پۆستێك پێمان بڵێ و ده‌یان پشتیوانی وه‌ك خۆمت بۆ په‌یدا ئه‌كه‌م.كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م وڵاته‌ش خۆشن، خه‌می داهاتووتان نیه‌و له‌ڕابردوو ئه‌ترسن".

هاوكات رێبوار نه‌جم، له‌ باره‌ی كتێبكه‌وه‌ ده‌ڵێت: "له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كاركردنی مامۆستا به‌هادین نوریم له‌م كتێبه‌دا.. ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت بیكات ئه‌رشیفكردنی ئه‌و تاوانانه‌یه‌ كه‌ حزب و سه‌ركرده‌كانی له‌ ماوه‌ی ململانێكانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت "شۆڕشی كوردی" كردویانه‌. ئه‌م كتێبه‌ بێگومان بڵاوده‌بێته‌وه‌.. به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت".