باشترین رێگە بۆ بەکلتورکردنی خوێندنەوە ئەوەیە کتێب بەردەوام لەبەرامبەر خەڵک بێت




میترۆ، هاوڵاتی‌ 
چۆن خوێندنه‌وه‌ بکه‌ین به‌ کلتور؟

ئه‌ژین باجه‌ڵان

پرسیارێکی قورسە، سەرەتا پێویستە ئێمە لەکۆمەڵگای خۆمان تێبگەین، دوای ئەوە هەوڵبدەین لەسەر خوێندنەوە ڕایانبێنین، هەروەها بزانین بەچ شێوەیەک بتوانین سەرنجیان بۆ لای کتێب ڕابکێشین.

 باشترین ڕێگەش ئەوەیە کەکتێب بەردەوام لەبەرامبەر خەڵک بێت، شتێکی قەتیسکراو نەبێت تەنها لەکتێبخانەکان، بۆ من تەنها لەکتێبخانەکان کتێبم بەرچاو بکەوێت، بۆ لەمارکێت و مۆڵەکان بەشێکی تایبەت نەبێت بۆ فرۆشتنی کتێب! یان لەکافێ و ڕێستۆرانتەکان یان لەکاتی چاوەڕوانی کردن لەلای دکتۆرەکان، لەجیاتی ئەوەی هەر بەدەست بەتاڵی چاوەڕێ بکەن خەریکی خوێندنەوە دەبن، ڕەنگە بڵێن ئەگەر تاک خوێنەر نەبێت پەنا ناباتەبەر کتێب، نەخێر وانییە، تەنها دووان کتێبیان بەدەستەوە بوو دەبینین دووانی تریش حەزیان لێ دەبێت سەیربکەن بزانە چی دەخوێننەوە.

گرنگتر لەکتێب خوێندنەوەی ڕۆژنامەیە، کەئەمیش بەنرخێکی زۆر ڕەمزی لەبەردەستە، بەڵام یەک کێشە هەیە کەئەمیش تەنها لەکتێبخانەکانە، بریا لەهەموو دوکانێک بەردەست بێت ئەوکات کاریگەرییەکی باش دەبێت لەسەر بەکلتوورکردنەوەی خوێندنەوە، چونکە ڕۆژنامە هەموو شتێکی تیایە لەباسی سیاسی تاکو ئابووری، ئەدەب و هونەرو جوانکاریش، واتا دوای ئەوەی پیاوەکە لەخوێندنەوە دەبێتەوە هاوژینەکەیشی گۆشەیەکی تیا دەدۆزێتەوە تایبەت بە ئەو بێت.

رۆڵی میدیامان لەیاد نەچێت، ئەو بەرنامانەی کەبینەریان زۆرەو پێشکەشکارانیان خاوەن بنچینەیەکی جەماوەری گەورەن دەتوانن لەگۆشەیەکی بەرنامەکەیان ئەماژە بەکتێبێک یان بۆ نووسەرێک بکەن، ئەمە وا لەهەوادارانیان دەکات بەدوای ئەو نووسەرە یاخود کتێبە بگەڕێن و بیخوێنەوە.

هەروەها بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە بڕێکی باش ڤڵۆگ و فاشننیستامان هەیە کەئەوانیش بڕێکی باش لە گەنجان فۆڵۆیان دەکەن، ئەگەر ئەوان خۆشەویستی خۆیان بۆ خوێندەنەوە دەربڕن دەتوانن کاریگەری بکەنەسەر ئەم جیلە نوێیە، هیچ نەبێت ئەمان چاویان لێبکەن و ئەو کتێبانە بخوێنەوە کە باسدەکرێن

لەوڵاتانی ئەوروپا کتێبیان لەمیترۆو پاسەکان داناوە، لەو ماوەیەی لەناو پاسەکەن ئەگەر خەریکی خوێندنەوەی کتێبێک بن ئەوە کرێکەیان بەلاشە، واتە بخوێنەوەو پارە مەدە، ئەمیش شێوازێکە بۆ ئەوەی تاکی ئەوان گرنگی بەخوێندنەوە بدەن، چونکە ئەوان کۆمەڵگایەکن ئاگایان لەئابووری خۆیانە، بۆیە ئەم شێوازە ئەنجامی پۆزەتیڤی هەیە لایان. بەڵام ئەم شێوازە لای ئێمە سوودی نییە، بۆیە دەبێت بزانین تاکی ئێرە گرنگی بەچی دەدەن و چی سەرنجیان ڕادەکێشێت و لەڕێگەی ئەو شتانەوە وایان لێبکەین حەز لەخوێندنەوە بکەن.


AM:11:45:17/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 3792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌