توركیا: رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ له‌ناو كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئیستانبوڵ كوژراوه‌
AM:10:42:07/10/2018


میترۆ، رادیۆ نه‌وا 
دوای‌ دیارنه‌مانی‌ رۆژنامه‌نوسێكی سعودیی بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك، به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ توركیا ئاشكرایانكرد، به‌پێی‌ زانیاریه‌كان جه‌مال خاشقچی رۆژنامه‌نوسی دیاری سعودی له‌ناو كونسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ئیستانبوڵ كوژراوه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌پێی‌ زانیاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان كه‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ توركیا ئاشكرایانكردووه‌، جه‌مال خاشقچی رۆژی‌ 2ی‌ تشرینی‌ ئه‌م مانگه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ چۆته‌ ناو كونسوڵخانه‌ی‌ سعودیه‌وه‌ له‌ ئیستانبوڵ، دوای ئه‌وه‌ ئیتر نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ توركیا ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردوه‌،  له‌هه‌مان كاتی‌ بوونی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ له‌ناو كونسوڵخانه‌كه‌دا 15 كه‌سی‌ سعودی‌ كه‌ كه‌سی سیاسییشیان تێدابووه‌ به‌ 2 فڕۆكه‌ هاتوونه‌ته‌ توركیاو چوونه‌ته‌ كونسوڵخانه‌كه‌و دواتریش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ هه‌ر له‌وێدا كوژرابێت.

جه‌مال خاشقچی رۆژنامه‌نوسێكی‌ دیاری‌ سعودیه‌یه‌و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ ره‌خنه‌ی‌ زۆر له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌گرێت، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌شه‌وه‌ ژیانی‌ كه‌وتۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌و ماوه‌ی‌ ساڵێكه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ جێهێشتوه‌ و رووی لە ئەمریكا كردوە.