كونسوڵی سعودیە ره‌تی‌ ده‌كاته‌وه‌ رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی له‌ناو كونسوڵخانه‌كه‌یان كوژرابێت
AM:10:52:07/10/2018


میترۆ، خه‌ندان 
دوو بەرپرسانی ئەمنی توركیا رایانگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە لەو باوەڕەدان كە رۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقجی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ كوژرابێت.

رۆژنامەنووسی بەناوبانگی سعودی جەمال خاشقجی، چوار رۆژ بەر لە ئێستا دوای چوونی بۆ كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ دەستگیركرا، و تاوەكو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمنی توركیاوە بڵاویكردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە لەو باوەڕەدان كە رۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقجی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ كوژرابێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەوتەی بەرپرسانی توركیا رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی لەناو كونسوڵخانەكەدا كوژراوە و تەرمەكی گوزراوەتەوە بۆ دەرەوەی كونسوڵخانەكە.

بەڵام كونسوڵی سعودیە لە ئیستانبوڵ بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە كوشتنی خاشقجی لەناو كونسوڵخانەكە رەتكردووەتەوە. 


رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی
 رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانی لە واشنتۆن ژیانی بەسەربردووە، بەڵام رۆژی سێشەممەی رابردوو بەمەبەستی بەدەست هێنانی چەند بەڵگەیەك بۆ مامەڵەی هاوسەرگیری چووەتە كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ.

بەوتەی دەستگیرانەكەی خاشقچی كە لە دەرەوەی كونسوڵخانەكە چاوەڕێی كردووە، دوای ئەوەی خاشقچی چووەتە كونسوڵخانەكەوە دیارنەماوە و تاوەكو ئێستا چارەنووسی نادیارە.

هاوكات بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاندووە، واشنتۆن لە هەوڵدایە بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی رووداوەكەوە.

سەرچاوەیەكی ئەمنی توركیا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، گروپێك لە 15 كەسی سعودیە پێكهاتبوون بە دوو فڕۆكە گەیشتوونەتە ئیستانبوڵ و هەمان رۆژی ونبوونی خاشقچی چوونەتە ناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ و دواتر توركیا-یان جێهێشتووە.

محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی سعودیە رێگا بە توركیا دەدەن پشكنین بۆ  كونسوڵخانەكەیان بكەن لە ئیستانبوڵ  و بەدوای خاشقجیدا بگەڕێن.

رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی بە درێژی ساڵی رابردوو وتاری نوسیووە و رەخنەی لە سیاسەتی سعودیە گرتووە بەرامبەر بە قەتەر و كەنەدا و شەڕی یەمەن و هەڵمەتی حكومەتی ریاز دژی دژبەرانی لە ناوخۆی سعودیە.

خاشقجی ساڵی 1958 لە شاری مەدینەی سعودیە لە دایكبووە و سەرنووسەری رۆژنامەی عەرەب نیوز و وەتەنی سعودیە بووە، لە ساڵی 2004 راوێژكاری راگەیاندنی تركی فەیسەڵ، باڵیۆزی وڵاتەكەی بووە لە بەریتانیا و دواتر لە واشنتۆن.