کاتێک کوشتنی پەیامنێر دەبێتە نەریت




میترۆ، ئاوێنه‌ 

ئەیمی ماکینۆن- فۆریەن پۆلیسی


ڤیکتۆریا مارینۆڤا پەیامنێری جەنگ نەبوو. رۆژنامەنووسێکی تەلەفزیۆینیی بولگاری بوو، پێش ئەوەی هەفتەی رابردوو لەدوایین رووداوی توندوتیژیی کوشندە دژی رۆژنامەنووساندا لەشاری (رووسە)ی نزیک روباری دانووب لەباکووری ئەو وڵاتە بکوژرێت، لە بەرنامە تەلفزیۆنییەکەیدا روماڵی سکانداڵێکی گەندەڵیی دەکرد.

 

تائێستا هەلومەرجی مەرگی مارینۆڤا بە ناروونی ماوەتەوە. بەڵام مەترسیی لەوەی کە پەیوەندیی بە کارەکەیەوە هەبووبێ، جەخت لەسەر یەكێک لە واقیعە تاڵەکانی ئەمڕۆی رۆژنامەنووسان دەکاتەوە: لەکاتێکدا کە کوژرانی رۆژنامەنووسان لەناوچە دوورەدەستەکانی جەنگدا دەچێتە یادەوەریی گشتییەوە، ژمارەیەکی زیاتر رۆژنامەنووس بەهۆی کارەکانیانەوە کە بریتییە لە ئاشکراکردنی گەندەڵێ‌و سەرکوتکردنی حکومەت، لەوڵاتی خۆیاندا دەکوژرێن.

 

بەپێی ئامارەکانی (کۆمیتەی داکۆکی لەرۆژنامەنووسان) لە ئەمەریکا، لەساڵی ١٩٩٢٢وەوە تا ئەمڕۆ، لە کۆی (١،٣٢٢) رۆژنامەنووس کە مەرگیان پەیوەندی بەکارەکەیانەوە هەبووە، (٨٤٨)یان کوژراون‌و تەنها (٢٩٨)یان لەپێکدادانەکاندا بەرکەوتوون. کوژرانی رۆژنامەنووس لەیەکێتیی ئەورووپادا دەگمەنە، بەڵام مارینۆڤا سێهەم کەسە کە لەماوەی مساڵی رابردوودا دەکوژرێت.

 

لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا رۆژنامەنووسی ماڵتایی دافنە کاروانا گالیزیا بە ئوتومبێلێکی بۆبرێژکراو کوژرا. لەمانگی شوباتدا رۆژنامەنووسی سلۆڤاکی جان کوجیکا لەکاتێکدا کاری لەسەر ئەگەری پەیوەندەی لەنێوان بەرپرسە حکومییەکان‌و تاوانی رێکخراودا دەکرد، لەماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ دەزگیرانەکەی بە فیشک کوژران.


هەفتەی رابردووش جەمال خاشقجی رۆژنامەنووسی سعودی‌و ستووننووسی واشنگتۆن پۆست لەناو کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە ئەستەمووڵ دیار نەما، بەرپرسە تورکەکان پێیان وایە کوژراوە.
رۆب ماهۆنی جێگری بەڕێوەبەری جێبەبەجێکاری کۆمیتەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان وتی لەسەر ئاستی جیهان فەزای کارکرد بۆ رۆژنامەنووسان خراپتر بووە.


ئەو وتی "نەک هەر لەو وڵاتانەی رەنگە بە خەیاڵتدا بێت، بەڵکو لێرەش لە ئەمەریکا دەبینین مەیلێکی دژە رۆژنامەوانی راستەوخۆ لەسەری سەرەوە دێتە خوارەوە”.
لەسەرتاسەری جیهاندا ئەو سەرکردانەی خۆشحاڵن بە داخستنی رووبەری چاپەمەنیی ئازاد، بە وتەو لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت "هەواڵی ساختە”وە چەسپیون، بۆ ئەوەی ئەو راپۆرتانە قەدەغە بکەن کە حەزیان لێیان نیە.

بە وتەی ماهۆنی، نزیکەی لەسەدا ٩٠ی ئەوانەی فەرمانی کوشتنی رۆژنامەنووسان دەردەکەن، ئازادن.


PM:02:37:11/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌