بەتۆمەتی نوسینێک لەسەر تیشێرتەکەی ئەڵمانیا ڕۆژنامەنوسێکی تورک دیپۆرت دەکاتەوە
AM:11:54:30/10/2018




میترۆ، NRT
حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا بڕیاریدا ڕۆژنامەنوس عادل یگیت دیپۆرتی تورکیا بکاتەوە، بەتۆمەتی نوسینی دورشمی "ئازادی بۆ ڕۆژنامەنوسان" لەسەر تیشێرتەکەی لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا.

 ڕۆژنامەی بێلدی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە کاتی کۆنفرانسی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵماینا لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٨، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، ڕۆژنامەنوس عادل یگیت تیشێرتێكی له‌به‌ركردبوو كه‌ له‌سه‌ری نووسرابوو ئازادی بۆ ڕۆژنامه‌نوسان.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لەو کاتەدا پاسەوانی کۆنفرانسەکە ئەو ڕۆژنامەنوسەیان کردوەتە دەرەوەی هۆڵەکە.

ڕۆژنامەی بێلد لە زاری یگیت ئەوەشی باسکردووە، کە دەزگای پەنابەرانی هامبورگ پێیان ڕاگەیاندووە، هەتا مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەڵمانیا بەجێبهێڵێت  چونکە مافی مانەوەی ئەڵمانیای لێ وەرگیراوەتەوە.

عادل یگیت بە ڕەچەڵەک تورک،  تەمەنی ٦٠ ساڵە و ٤٠ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و زیاتر لە ٢٥ ساڵە کاری ڕۆژنامەنوسی دەکات.