توانا عومه‌ر: ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی‌ من له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی‌ به‌رپرسی‌ پارتی‌ بووه‌
PM:12:31:01/11/2018


میترۆ، سلێمانی‌ 
دوای‌ چوار رۆژ له‌ده‌ستگیركردنی‌ له‌سه‌ر په‌یامنێره‌كه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كوردسات رۆژی‌ 30 مانگ ئازادكرا.

 ده‌ستگیركردنی‌ توانا عومه‌ر په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ كوردسات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٢ كه‌ لە گۆڤاری هۆنیا وەك بەڕێوەبەری نوسین كاری‌ كردووه‌ و  لە ژمارە ٧٥ی گۆڤارەكە راپۆرتێك بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ لەسەر بەرپرسێكی پارتی، به‌ڵام توانا عومه‌ر  نوسەری بابەتەكە نەبووه‌ و كەسێكی تر راپۆرتەكەی نوسبوو و سكاڵا لەسەر ئەویش تۆمار كراوه‌. 
 هەر بەهۆی ئەو سكاڵایەش تاكو ئێستا قەدەغەی سەفەر لەسەر توانا عومه‌ر هەڵنەگیراوە.


له‌پاش ئازاد كردنی‌ ئه‌و په‌یامنێره‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك سوپاس و پێزانێكی‌ بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و سوپاسی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌ی‌ ئه‌ودا هاوكاریی‌ بوون و تاوه‌كو ئازاد كراوه‌. 

ده‌قی‌ سوپاس و پێزانینه‌كه‌: 

‎دوای سڵاو رێز بۆ هەموو لایەك
‎دوای ئەوەی لە رۆژی هەینی ٢٦/١٠/٢٠١٨ لەسەر سنوری حاجی ئۆمەران لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیر كرام و بۆ ماوەی سێ رۆژ دۆسیەكەم بە ناروونی مایەوە و هەر جارەو مادەیەكی یاساییان پێ دەوتم، كە سەرەتای دەستگیر كردنەكەم دوا نیوەڕۆی رۆژی هەینی بوو شەوێك لە حاجی ئۆمەران هێشتمیانەوە و دواتر رۆژی شەمە بەیانیەكەی بە ئۆتۆمبیلێكی تایبەت بەڕێیان كردم بۆ ئاسایشی سۆران و دوای ماوەیەكی كەم لەهەمان رۆژدا بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی تاوانباران لەناو قەفەزیان كردم و بەڕێیان كردم بۆ ئاسایشی گشتی پارتی لە هەولێر، هەر لەساتی گەیشتنم بۆ ئاسایشی گشتی بەرێیان كردم بۆ زیندانیەكی تایبەت كە ژوورێكی بچووك بوو ١١٨ كەسی تێدا بوو كە نیوەی زیاتری تیرۆرستی داعش بوون و ئەوانی تریش بەكارهێن و بازرگانانی مادەی هۆشبەر و بكوژ بوون، لەكاتێكدا من وەك رۆژنامەنووسێك مامەڵەم لەگەڵ نەكرا، بۆ ماوەی ٢٤ سەعات لەو زیندانیە مەترسیدارە هێشتمیانەوە و هێشتا نەمزانی من لەسەر چی دەستگیر كراوم، تاوەكو لە رۆژی یەك شەممە بە فشاری دەزگای میدیایی كوردسات و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەدەست ئاسایشی پارتی دەرهێندرام و دوای نیوەڕۆی رۆژی یەك شەممە رەوانەی پۆلیسی هەولێر كرام و دواتریش لەلایەن پۆلیسەوە وتەم وەرگیرا و ئەوەی كەلەسەری دەستگیر كراوم پێم وترا كە كەیسێكی رۆژنامەوانی ساڵی ٢٠١٢ بوو.

شەوی یەك شەمە سەعات ٨ بەڕێكرام بۆ زیندانی محەتەی هەولێر و لەوێش بۆ ماوەی سێ شەو هێشتمیانەوە تاوەكو لە رۆژی سێ شەممە ٣٠/١٠/٢٠١٨ سەعات ٢ی دوای نیوەڕۆ بە كەفالەت ئازاد كرام.

‎ئەو كەیسەی من لەسەری دەستگیر كرام دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٢ ئەوكاتەی من لە گۆڤاری هۆنیا بووم وەك بەڕێوەبەری نوسین كە لە ژمارە ٧٥ی گۆڤارەكە راپۆرتێك بڵاو كرابوویەوە لەسەر بەرپرسێكی پارتی كە من نوسەری بابەتەكە نەبووم و كەسێكی تر راپۆرتەكەی نوسبوو و سكاڵا لەسەر ئەویش تۆمار كرابوو، هەر بەهۆی ئەو سكاڵایەش تاكو ئێستا قەدەغەی سەفەر لەسەر من هەڵنەگیراوە.

‎لێرەوە دەمەوێ سوپاسی تایبەتی دەزگای میدیای كوردسات و بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە بكەم كە دڵسۆزانە بۆم هاتنە سەر خەت و رێكارە یاسایی و سیاسیەكانیان بۆ تێپەراندم>

‎هەروەها سوپاسی برا و هاوڕێم مامۆستا زانا دەكەم كە لەماوەی دەستگیركردنم تا رۆژی ئازادبوونم ماندوو نەناسانەو دڵسۆزانە وەك كەس و كارو هاوڕێ بۆم هاتە سەر خەت و پاڵپشتێكی تەواوی كردم بۆ ئازادبوونم.

سوپاس بۆ لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان كە بەردەوام ئاگاداری دۆسیەكە بوون و لەسەر خەت بوون بۆ دۆسیەكەم.

‎هەروەها سوپاسی تایبەتی یەكە بەیەكەی هاوڕێ دڵسۆزەكانم دەكەم كە خەمخۆرانەو دڵسۆزانە بۆم لەسەر خەت بوون و پەرۆشی زیندانی كردنم بوون.

‎سوپاسی تەواوی هەموو ئەو بەرپرس و كەسایەتی و خزم و دۆستانە دەكەم كە بەردەوام لەپەیوەندیدا بوون و بەپەرۆش بوون بۆ زیندانی كردنم.

‎سوپاس بۆ هەموو ئەو هاوڕێ و كەسایەتی و ئەزیزانەش كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پاڵپشتی منیان كرد.
‎سوپاس بۆ هەموو ئەو بەرێزانەش كە چی بە نامەو چی بە تەلەفۆن و چی بە سەردان منیان بەسەر كردەوە و لێیان پرسیوم.

‎داوای لێبووردن لە هەموو ئازیزان دەكەم كە بەهۆی دەستگیركردنم لەماوەی ئەو پێنج رۆژەدا بەهۆی منەوە نیگەران بوون.

‎لەكۆتایشدا دەمەوێ ئەوە بڵێم كە لەبەرامبەر یاسادا ئامادەیی تەواوم هەیە بۆ كۆتایی هێنان بە كەیسە رۆژنامەوانیەكەم و هەرگیز لە یاسا راناكەم، وە دەبوایە پۆلیس بەبریاری دادگا بە رێكارە یاساییەكان هەستابایە نەوەك بە شێوەیەكی گوماناوی ئاسایشی پارتی دەستگیرم بكات.

‎توانا عومەر