رۆژئاوای كوردستان.. لە هێرشێكی توركیادا دوو پەیامنێر برینداربوون
AM:11:21:03/11/2018


میترۆ، رادیۆ نه‌وا 
لە ئەنجامی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی گرێ سپیی رۆژئاوای كوردستان دوو پەیامنێری ئاژانسی هاوار نیوز برینداربوون.

لەو بارەوە ئاژانسەكە بڵاویكردۆتەوە، رۆژی هەینی دوو پەیامنێریان بە ناوەكانی گوڵستان محەمەد و ئیبراهیم ئەحمەد، لە كاتی رووماڵی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر گرێ سپی، كراونەتە ئامانج و برینداركراون.

ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی پێنج شەممەش لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی توركیا بۆ سەر گوندی تل فەندەری گرێ سپی، كچێكی تەمەن 12 ساڵ بە ناوی سارا رەفعەت شەهید ببوو.

لە 28 ی مانگی رابردووەوە سوپای توركیا هێرشەكانی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كۆبانێ و گرێ سپی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە و لە كاردانەوەی ئەو هێرشانە، هێزەكانی سوریای دیموكراتی ئۆپراسیۆنەكانیان دژی چەكدارانی داعش راگرتووە، ئامانجیشیان لەو بڕیارە ئەوەیە كە هاوپەیمانان فشار بخەنە سەر ئەنقەرە بۆ كۆتایی هێنان بە هێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان.