سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان: 1440 رۆژنامه‌نوسی كوردستان پێشێلكارییان به‌رانبه‌ر كراوه‌
PM:01:33:03/11/2018


میترۆ، رادیۆ نه‌وا 
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردودا، هه‌زار و 440 رۆژنامه‌نوس پێشێلكارییان به‌رانبه‌ر كراوه‌، داوا له‌ دادگاكانی كوردستانیش ده‌كات تاوانباران له‌ سزا ده‌رباز نه‌بن.

ئه‌مڕۆ 3-11-2018 له‌ شاری هه‌ولێر دیداری رۆژی جیهانی ده‌ربازنه‌بونی تاوانباران له‌ سزا به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌وه‌ رێكخراوه‌.

له‌باره‌ی دیداره‌كه‌وه‌، هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د سكرتێری سه‌ندیكاكه‌ بۆ رادیۆ نه‌وا وتی "2ی نۆڤێمبه‌ر، رۆژێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ تایبه‌ت به‌ ده‌ربازنه‌بونی تاوانباران له‌ سزا، له‌ كوردستانیش بۆئه‌وه‌ی كرانه‌وه‌ی ئازادی و پشتیوانی له‌ ئازادی راده‌ربڕین بكرێت، ده‌مانه‌وێت نامه‌یه‌ك بده‌ینه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و فشاریان له‌سه‌ر بكه‌ین تا رێز له‌ رۆژنامه‌نوسان و كاری رۆژنامه‌نوسی بگیرێت".

وتیشی "كاری سه‌ندیكا رێكخستنی پیشه‌یی رۆژنامه‌نوسانه‌، توانا سه‌ره‌كییه‌كانیشی له‌و پێناوه‌دا خه‌رج ده‌كات و ده‌یه‌وێت به‌هه‌موو لایه‌نه‌ رۆژنامه‌نوسان و رێكخراوه‌كان و حكومه‌ت و دادگاكانیش رابگه‌یه‌نێت، هاوشێوه‌ی هه‌موو پیشه‌كانی دیكه‌ كاری رۆژنامه‌نوسییش پیشه‌یه‌".

لێدوانی: هه‌ندرێن ئه‌حمه‌د 10
هه‌ر به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌لایه‌ن سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2008 تا 2018 له‌ هه‌رێمی كوردستان پێنج رۆژنامه‌نوس تیرۆركراون، كه‌ تائێستا دۆسیه‌كانیان دانه‌خراوه‌، چونكه‌ تاوانباران دادگایی نه‌كراون، هه‌روه‌ها 898 حاڵه‌تی پێشێلكاری له‌ گرتن و لێدان و رێگری به‌رانبه‌ر هه‌زار و 440 رۆژنامه‌نووس ئه‌نجامدراوه‌، كه‌ هه‌زار و 328 رۆژنامه‌نوسی نێر و 64ی مێینه‌ن، 347 حاڵه‌ت له‌ هه‌ولێر، 285 حاڵه‌تی له‌ سلێمانی، 107 حاڵه‌ت له‌ دهۆك، 59 حاڵه‌ت له‌ كه‌ركوك، 18 حاڵه‌ت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، 18 حاڵه‌ت له‌ موسڵ، 6 حاڵه‌ت له‌ كفری، 6 حاڵه‌ت له‌ خانه‌قین، 5 حاڵه‌ت له‌ سه‌ڵاحه‌دین، 4 حاڵه‌ت له‌ به‌غدا و 4 حاڵه‌تیش له‌ دیاله‌ تۆماركراون.