ئاستەنگییەکان پاشەکشە بە ڕاوێژ ناکەن
AM:10:29:07/11/2018


میترۆ، رۆژنیوز 
ئەو خەونی گەورەی هەیە، بەردەوامیش هەوڵ لەپێناو بەدیهێنانی خەونەکانیدا دەدات، کەمئەندامییەکەی پاشەکشەی پێ نەکردووە و سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کردووە.

ڕاوێژ عوسمان، خاوەن پێداویستی تایبەتە و هەر لە زگماکەوە دەستێکی نییە، خەونی بوون بە فۆتۆگرافێکی سەرکەوتووی هەیە، بەردەوامیش بەکارەکانی ئەوەی سەلماندووە، کە هیچ شتێک ناتوانێت ببێتە ئاستەنگ لە بەدیهێنانی خەونەکان.

ڕاوێژ عوسمان، ساڵی ١٩٩٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی ئامار و کۆمپیوتەرە، ماوەی شەش ساڵە کاری فۆتۆگرافیی دەکات، خاوەنی پێنج پێشانگای فۆتۆگرافیی هاوبەش و پێشانگایەکی تایبەت بەخۆیەتی.

ڕاوێژ، لەسەر هونەری فۆتۆگرافیی بە ڕۆژنیوزی وت: فۆتۆگرافیی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا هەندێک قورسە، ئاستەنگییش بۆ من ڕەنگە زیاتربێت، بەتایبەت لە هەڵگرتنی کەلوپەلەکان، کە ئەوە زیاتر ماندووم دەکات، بەڵام هەر بەردەوامبووم، چونکە ئامانجم ئەوەبوو ببمە فۆتۆگرافەر.


نەبوونی دەستێک، ڕاوێژی لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ساردنەکردووەتەوە، چونکە ئەو باوەڕی وایە "مرۆڤ هەرچییەکی بوێت دەتوانێت بەدەستیبهێنێت".

ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی باشترین وێنە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەخشراوەتە وێنەیەکی ڕاوێژ، ئەمساڵیش لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداریی لە پێشانگایەکی فۆتۆگرافییدا کردووە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا، ڕاوێژ دەیان گەشتی فۆتۆگرافیی بۆ ناوچەکانی شارباژێڕ و باڵەکایەتی و هەورامان ئەنجامداوە، حەز و خولیای کارەکە وایلێکردووە، کە لە گەشتەکاندا گوێ بە زەحمەتییەکان نەدات و تەنها بیری لای گرتنی وێنەیەکی ناوازە بێت.

ڕاوێژ بەمجۆرە باس لە سەرەتای خولیای بوون بە فۆتۆگرافەریی دەکات:"زۆر سەیری تەلەفزیۆنی ناشناڵ جوگرافیم دەکرد، حەزم لە سەیرکردنی ژیانی ئاژەڵەکان و سروشت بوو، ویستم بەهرەکەم لە وێنەکێشانەوە بگۆڕم بۆ فۆتۆگرافی، کامێرایەکی سادەم کڕی و یەکەمین جار لە پارکی دایکی شاری سلێمانییەوە دەستم بە وێنەگرتن کرد".

لەژیانی فۆتۆگرافییدا، ڕاوێژ هەندێکجار ڕووبەڕووی تانەوتەشەری کۆمەڵگا بووەتەوە، دەڵێت:"لەوە بێتاقەت نیم کە من دەستێکم نییە، بەڵکو لە بیرکردنەوەی ئەو کەسانە بێتاقەت دەبم".

ڕاوێژ، لەوبارەیەوە بەسەرهاتێکی خۆی گێڕایەوە و وتی: جارێکیان ویستم وێنە بگرم لە سەیرانگایەک، کەسێک هات وایدەزانی من وێنەی ئەو دەگرم، وتی بۆ وێنەمان دەگریت، منیش پێموت کە وێنەی ئەو ناگرم، ئەو کەسە پێیوتم تۆ دەستێکیشت نییە چیت داوە لەم کارە، لە وەڵامدا پێموت ڕاستە دەستێکم نییە، بەڵام ئەقڵێکم هەیە کە بتوانم کاری خۆم بکەم.

ئەو هەمیشە لە قسەکانیدا، جەختی لە باوەڕبەخۆبوون دەکردەوە، "باوەڕبوون بەوەی کە دەیکەی زۆر گرنگە، ئەگەر باوەڕبوون هەبێت، دەتوانیت بە ئامانج بگەیت".

جیاواز لە کاری فۆتۆگرافیی، ڕاوێژ وەک ئەندام لە ڕێکخراوی سی دی ئۆ کاردەکات و لە چەند بوارێکی دیکەشدا توانیویەتی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ماوەی هەشت ساڵ یاریزانی یانەی وەزرشیی ڕۆژ بووە، کە یانەیەکی تایبەتە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانە و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ڕاکردنی ١٠٠ مەتریی و ٢٠٠ مەتریی و ٤٠٠ مەتریی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی عێراقیش سێ جار پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە لە پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدان، هەروەها لە یاری تێنسیشدا دوو جار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، جگە لەوەش بەهرەی وێنەکێشانیشی تێدایە و لەکاتی خوێندنیدا لە خوێندنگە بەشداریی چەند پێشانگایەکی شێوەکاریی کردووە.