فۆتۆگرافەرێكی كورد دەبێتە خاوەنی خەڵاتێكی جیهانی
AM:11:25:07/11/2018


میترۆ، رادیۆ نه‌وا 
لە پێشبڕكێیەكدا ئینستتیوتی  Middle East"خۆرهەڵاتی ناوەڕاست"ی ئەمریكی، خەڵاتی سێ فۆتۆگرافەری جیهان دەكات، كە سێیەمیان كوردە و ناوی رەوەند جەوادە و بڕیاروایە لە 7 ئەم مانگەدا وێنەكان نمایشبكرێن.

ئینستتیوتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراوەیەكی رۆشنبیری ناسیاسی و بێ قازانجە و سەنتەرەكەی دەكەوێتە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئامانجی ئاشناكردنی هاووڵاتیانی وڵاتەكەیەتی بە بارودۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەوە.

لەلێدوانێكیدا رەوەند جەواد بە رادیۆ نەوای وت "تائێستا لە 8 پێشانگای تایبەت و هاوبەشی ئەڵمانیادا بەشداریم كردووە و بڕیاروایە لە كۆتایی ئەمساڵیشدا لە پێشانگایەكی هاوبەش لە فەرەنسا بەشداری بكەم".

وتیشی "دەمەوێت لە رێگەی فۆتۆكانمەوە جیهان بەو ئازار و نەهامەتیانە ئاشنا بكەم، كە بەسەر خاكی كوردستاندا هاتووە و زۆرینەی كارەكانیشم (ئافرەت و منداڵ) بەرجەستەی دەكات، لەبەرئەوەی پێموایە ئەوان قوربانی یەكەمی جەنگن".

لە پێشبڕكێكەدا كە نزیكەی 300 بۆ 400 فۆتۆگرافەر لەسەرانسەری جیهاندا بەشدارییان تێدا كردوە، خانمێكی كوردیش بە ناوی شێنێ ساڵح خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا.

رەوەند جەواد لەساڵی 1986 لە شاری هەولێر لەدایكبوەو لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە دەستی بە كاری رۆژنامەوانی كردوە، لەساڵی 2009شدا دەستی بە كاری فۆتۆگرافی كردوە، ماوەی چەند ساڵێكیشە لە ئەڵمانیا وەك پەنابەر دەژی.