كەناڵی NRT : دووجار تەقە لەگوندی ئەڵمانی كراوە




خەندان- پەیوەند جەلال

كەناڵی ئاسمانی (ئێن ئارتی) رایدەگەیەنێت كە ئەمڕۆ دووجار تەقە لەگوندی ئەڵمانی كراوە، پۆلیسیش ئاماژە بەوە دەكات كە كەناڵی ناوبراو سكاڵای یاساییان لەسەر كەسی نەناسراو تۆماركردووە، سەنتەری (میترۆ)ش داوای لێكۆڵینەوەی "ورد و جددی" دەكات.

كەناڵی (ئێن ئارتی) لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ (25/8/2014) لە دوو لاوە بە ئوتومبێلی نەناسراو كە تابلۆكانیان شاردرابووەوە، تەقەكراوە بەرەو ڕووی گوندی ئەڵمانی، ئەمە لە كاتێكدا كە لە سەرەتای ساڵی (2011)دا كەناڵی NRT كە لە ناو گوندی ئەڵمانیدایە" سوتێنرا و لە كۆتای ساڵی 2013 شدا تەقە لە خاوەنی كەناڵەكە كرا، هەروەها لە هەفتەی رابردووشدا هەرەشەی هاتنە سەر كەناڵی NRT  كرا".

 بەیاننامەی كەناڵەكە ئاماژەی بەوەشداوە: تەقەكردنەكەی ئەمجارە هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ریكلامی بەرنامەی (كێ NRT سوتاند؟) كە شەوی سێشەممە كاتژمێر (8:05) پەخش دەكرێت، بۆیە  كەناڵی NRT داوا لە سەرۆكایەتییەكانی (هەرێم و  حكومەت) و دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی دەكات كە هەڵسن بە پاراستنی كەناڵی‌ NRT لە هەر كارێكی نەخوازراو بۆ ئەوەی ئەو كارەساتانە ڕوو نەداتەوە كە بەسەر كەناڵەكەدا هاتووە‌و دەشڵێن "بۆیە دەزگا ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێم لە ڕووی یاسایییەوە بەرپرسیار دەكەین لە ڕوودانی هەر كارێكی نەخوازراو بەرامبەر كەناڵەكە و كارمەندەكانی".

كەناڵی ئێن ئارتی لەلایەن كۆمپانیای (نالیا)وە خاوەندارێتی دەكرێت، لەو بارەیەوە  رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری (میترۆ) بۆ داكۆكیكردن لەرۆژنامەنووسان بە خەندانی راگەیاند: ئەوەی گرفتی لەگەڵ كۆمپانیای نالیا هەیە با روبكەنە دادگا نەك نوندوتیژی، لە هەڕەشەكانی رۆژانی پێشوو لەسەر كەناڵی نالیا ئێمە داوامان لەلایەنی پەیوەندیدار كرد پەلە بكەن لە پاراستنی گیانی ئەو میدیاكارانە ئەمڕۆش هەر ئەوە دەكەین، بەڵام وەك رەحمان ئاماژەی پێدا "دەبێت میدیاكارانی ئەو كەناڵەش گرفتە ئابورییەكانی خاوەنی كۆپانیای نالیا نەلكێنن بەبابەتەكانی ئازادی رۆژنامەوانی، چونكە دوو شتی جیاوازن".

رەحمان غەریب جەختیشیكردەوە: بەدڵنیاییەوە ئێمە داوای پاراستنی گیانی ئەو میدیاكارانە دەكەین و داواشمان وایە هەر كەسێك گرفتی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایە هەیە، رو بكاتە دادگا نەك توندوتیژی و دەڵێت "سەنتەری میترۆ پێیوایە دەبێت لێكۆڵینەوەی جدی و ورد بكرێت لەو بەیاننامەی ئێن ئارتی دەریانكردوە بەتایبەتیش كە باس لە دەسڕژێژی گوللە كراوە، بۆیە ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەنوسان ئەو كەناڵە رادەگەیەنین دژی هەر توندوتیژییەكین بەرامبەر خۆیان و كەناڵە بكرێت دەبێت بپارێزرێن".

ناوبراو وتیشی: تێكەڵكردنی گرفتە ئابورییەكانی كۆمپانیای نالیا بۆ وەبەرهێنان لەلایەن بەڕێوەبەری كۆمپانیای نالیا بە ئازادی رادەربڕین و میدیا مەرفوزە، با رۆژنامەنوسەكانیشیان وریا بن لەوەی كارتەكان تێكەڵ دەكرێن.

هەر لەو بارەیەوە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بە خەندانی راگەیاند: كەناڵی ئێن ئارتی وەك خۆیان رایانگەیاندووە بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقەیان لێكراوە‌و كاتژمێر 2ی ئەمڕۆش لەبنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ سكاڵای یاساییان لەسەر كەسی نەناسراو تۆماركردووە، چونكە گومانیان لەكەسێكی دیاریكراو نییە، بەڵام  ئێمەش وەك پۆلیسی سلێمانی لەسەر شانمانە ئەركی پاراستنی هاوڵاتیان‌و دامودەزگاكان لەئەستۆ بگرین پاش وەرگرتنی رەمەزاندی دادوەر.



PM:07:02:25/08/2014




ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌