خەڵاتی ئاڵتونی بۆ ئازادی دەدرێتە سەرنوسەری ئاوێنە
AM:11:00:06/12/2018


میترۆ

لە پێنجەمین ساڵیادی تیرۆركردنی شەهید كاوە گەرمیانی، سەرلەبەیانی رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 5ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م، یەكەم چالاكی كە دانانی تاجە گوڵینە بو لەسەر گۆرەكەی دەستیپێكرد، پاشان چالاكی دوەم  لەهۆڵی وەرزش‌و لاوانی كەلار، پێنجەمین ساڵیادی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی كە تایبەتە بە بەخشینی خەڵاتی ئاڵتونی بۆ ئازادی بەخشرایە سەردار موحەمەد، سەرنوسەری ئاوێنە.


هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا سه‌ردار محمه‌د سه‌رنوسه‌ری‌ ئاوێنه‌ وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌ش كرد و وتی‌ : شانازییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ من كه‌ ئه‌مڕۆ خه‌لاتی كاوه‌ گه‌رمیانیم پێبه‌خشرا، هه‌ر كاتێك بیر له‌شه‌هیدكردنی‌ كاوه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ موچڕك به‌له‌شما دێت، ئه‌و جانه‌وه‌رانه‌ چه‌ند دڵڕه‌قانه‌ ده‌ستیان چوه‌ خوێنی‌ مرۆڤێك كه‌ بێگوناحترین كه‌س بوه‌ له‌ژیانی‌ خۆمدا بینیبێتم، كاری‌ وا ناجوامێرانه‌ مه‌گه‌ر هه‌ر له‌دزو جه‌رده‌ بوه‌شێته‌وه‌.


له‌ یه‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا: ئەمڕۆ به‌بینینی‌ ئه‌و هه‌مو ژنه‌ مات‌و ره‌شپۆش‌و پیاوه‌ ریش سپییه‌ دڵشكاو‌و منداله‌ بێ‌ باوكانه‌ی‌ ئه‌م بۆنه‌یه‌ له‌كه‌لار پێكه‌وه‌ كۆی‌ كردبونه‌وه‌، مرۆڤ چۆن دڵی‌ نایه‌ته‌ كوڵ‌‌و قوڵپی‌ گریان له‌سینه‌یه‌وه‌ سه‌رناكات.


هاوكات رۆژنامه‌نووس ئاسۆس هه‌ردی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك پیرۆزبایی‌ له‌ سه‌ردار محمه‌د سه‌رنووسه‌ری‌ ئاوێنه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت : لەناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە ھاوڕێ و ھاوکاری ئازیزم کاک سەردار محمەد ئەکەم، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی کاوە گەرمیانییەوە بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری.

ده‌شڵێت: کاک سەردار رۆژنامەنووسێکێ پیشەیی، ئازادیخوازو ئازایەو خاوەن قەڵەمێکی جوانە. یەکێکە لەو رۆژنامەنووسە ماندوونەناسانەی بێدەنگه‌، بەڵام بە سووربوون و لەخۆبوردنەوەو بەدوور لە خۆدەرخستن و خۆ ھەڵکێشان پتر لە ١٨ ساڵە ماندوونەناسانە خزمەتی رۆژنامەگەریی ئازادو ئازادیی رادەربڕین دەکات لەکوردستاندا.


سیروان غه‌ریب سه‌رۆكی‌ دامه‌زاروه‌یی‌ وێستگه‌ نیوز و هاوڕێی‌ رۆژنامه‌نووس سه‌ردار محمه‌د ده‌ڵێت: هاوڕێی ئازیزم، سەردار محەمەد خەڵاتی شەهید کاوە گەرمیانی پێبەخشرا. پیرۆزبایی گەرمی لێ دەکەم، ئەو کەسێکی دڵسۆزو بەوەفایە بۆ کارو پیشەکەی پێموابێت لیژنەکە باشترین و کاریگەرترین کەسیان بۆ ئەمساڵ دەستنیشانکردووە.


هاوكات سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نووسان پیرۆزبایی‌ گه‌رم ئاڕاسته‌ی‌ رۆژنامه‌نووس سه‌ردار محمه‌د سه‌رنووسه‌ری‌ ئاوێنه‌ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر به‌خشینی‌ خه‌ڵاتی‌ كاوه‌ گه‌رمیانی‌ بۆ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات" رۆژنامه‌نووس سه‌ردار محمه‌د زیاتر له‌ 18 ساڵه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكی‌ ئازا و بوێر خزمه‌تی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ كردووه‌".