‏هیومان ڕایتس وۆچ: ئاراستەیەکی شەرمنانەیە ڕۆژنامەنوسێکی وەک کاوە گەرمیانی تیرۆر دەکرێت
AM:11:11:06/12/2018


میترۆ، NRT
بەرپرسێکی باڵای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (هیومان ڕایتس وۆچ) ڕایگەیاند، ئاراستەیەکی شەرمنانەیە ڕۆژنامەنووسێکی وەک کاوە گەرمیانی لە کوردستان "تیرۆر" دەکرێت.

سارا ویتسن بەڕێوەبەری دێسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا نوسیوویەتی، "ئاراستەیەکی شەرمنانە و تراژیدیایە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردانەی لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی و پێشێلکارییەکان کار دەکەن، تیرۆر دەکرێن، وەک کاوە گەرمیانی. ئەمە ئەو ئازادییە نییە کە کوردان زۆر بە جددی شەڕیان بۆ کردووە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (٥ی‌ کانوونی‌ یەکەمی‌ ٢٠١٨) ساڵیادی‌ تیرۆرکردنی‌ ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانییە و بەوبۆنەیەشەوە چەند چالاکییەک لە کەلار بەڕێوەچوون و تاجە گوڵینەش لەسەر گۆڕەکەی‌ دانرا.

کاروان ئەحمەد، برای ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو بە دیجیتاڵ میدیای‌ ئێن ئاڕ تی‌ ڕاگەیاند، بۆ پێنج ساڵە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت ئەو دەستەی‌ لەپشت تیرۆرکردنی‌ کاوە گەرمیانییەوەیە بۆ ڕای‌ گشتی‌ ئاشکرابکرێت، هەربۆیە کۆڵنادەن و واز لە کەیسەکە ناهێنن.