کۆمپانیای نالیا سێ رۆژنامەنوس دەداتە دادگا





12ی ئەیلولی 2014: لە ماوەی هەفتەیەکدا لەسەر ئەو داوا یاساییانەی کۆمپانیای نالیا لە دژی رۆژنامەنوسانی ئاوێنە نیوز و کوردسات تۆماری کردون سەرنوسەر و هەوالسازێکی ئاوێنە نیوزو پەیامنێرێکی کوردسات دەبرێنە داداگا.

سەر لە بەیانی پێنج شەممە 11ی ئەیلول سەرنوسەری‌ ئاوێنەنیوز‌ دانا ئەسعەد و هەواڵساز رامان عومەر لەبەردەم دادوەری لێکۆلێنەوە ئامادەبوون لەسەر داوایەکی یاسایی کە کۆمپانیای جاڤی لاند لە دژیان تۆماری کردبوو. بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دەسبەر کران. پاش نیوەڕۆ بە کەفالەت ئازاد کران.

دانا ئەسعەد، سەرنوسەری‌ سایتی‌ ئاوێنەنیوز بە میترۆی راگەیاند کۆمپانیای‌ چاڤی‌ گەشتیاری سکاڵای لەسەر رامان عومەر ‌‌هەواڵسازی ئاوێنە نیوز و من تۆمارکردوە ، وتی " بۆچەند کاتژمێرێک لەبنکەی‌ پۆلیسی‌ ئازادی‌ دەستبەسەرکراین پاشان بە کەفالەت ئازاد کراین.

وتی" سکاڵاکە لەسەر بڵاوکردنەوەی‌ هەواڵێکە لەسەر پڕۆژەی‌ چاڤی‌ لاند کە لەمانگی‌ شوباتی‌ رابردو لەئاوێنەنیوز بڵاوکراوەتەوە"

باسیلەوەکرد هەواڵەکە باس لەروداوێک دەکات لەیەکێک لەرێستۆرانتەکانی‌ چاڤی‌ لاند کە کێشەکە گەیەندراوەتە قایمقامیەتی‌ سلێمانی‌‌و دواتریش دادگای‌ سلێمانی.

‌جێگەی وەبیرهێنانەوەیە لەساڵی 2010 کۆمپانیای ناوبراو شەپۆلێکی داوای یاسایی دژی رۆژنامەی ئاوێنە تۆمارکرد. لە سەرەتای مانگی نیسان تا تشرینی ودومی ئەو ساڵە کۆمپانیای نالیا حەوت داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەی ئاوێنە تۆمارکردووە، جگە لەوەی دوو دەعوای تر لەلایەن دوو کەسی نێشتەجێی ئەو پرۆژەن، لسەر رۆژنامەکە تۆمارکران ( کە هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە تۆمار کرابوون).

ئەو داوا یاساییانە پاش ئەوە کە رۆژنامەی ئاوێنە هەواڵێکی بڵاوکردەوە لەسەر لێکردنەوەی لافیتەیەکی حکومەت بە بینایەکانی ئەو کۆمپانیایەوە.

لە چەند چاوپێکەوتنێکدا ستافی رۆژنامەی ئاوێنە باسیان لەو فشارانەکرد کە لەسەر رۆژنامەکەیە لەکاتی رووماڵکردنی هەر هەواڵێکدا کە پەیوەندی بە کۆمپانیای نالیاوە هەبێت.

رۆژی 7ی ئەیلول پەیامنێرى کوردسات، دلێر کەمال لەبەردەم دادگا ئامادەبوو بە هۆی سکاڵایەکی یاسایی کە دژیان تۆمارکراوە سەبارەت بە راپۆرتێک کەباس لە دروستکردنی رێگایەک دەکات لەناو پرۆژەیەکی نیشتەجێبون لەو شوێنەد شوێنەوارى ( گردى دێکۆن )ی لێیە، کە دەکەوێتە ناوچەى قولۆرەیسى شارى سلێمانى.

دڵێر کەمال بە میترۆی راگەیاند باسم لەوەکردبوو کە بە بەهۆى دروستکردنى ئەو رێگایە ڕێگایەک زیان بەو شوێنەوارە گەیشتبوو لێدوانى لێپرسراوان و شارەزایانى شوێنەوارى سلێمانیم وەرگرت ئەوە پشتڕاست کرایەوە و بووە هۆى ڕاگرتنى پڕۆژەکە بۆ ماوەیەک لە پاش دابەزینى ڕاپۆرتەکە.

وتی " لەلایەن کۆمپانیاى نالیا وە بەپێى مادەى 9ى ڕۆژنامەوانى سکاڵاى یاسایی لە دژى من تۆمار کراوە" جەختیکردەوە " ئامادەى سەلماندنى بەڵگەکانم بەڵگەکان لە بەرژەوەندى منە بەڵام ئەوەى مایەى سەرسوڕمانە ئەوەیە ئەو کۆمپانیایە وێڕاى ئەوەى سەروەتى نەتەوەیەکى زیان پێگەیاندووە کەچى لە باتى ئەو لێپێچینەوەى لەگەڵ بکرێت ڕۆژنامەنوس کە ڕاستیەکانى خستۆتە ڕوو سکاڵاى لە دژ تۆمارکراوە." 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان پشتیوانی خۆی بۆ رۆژنامەنوسان رادەگەیەنێت لە پێناو ئاشکراکردنی راستییەکان و ریسواکردنی دەستدرێژی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەسەر شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان.

سەنتەری میترۆ بە مافی هەموو لایەنێکی دەزانێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ یاسا ببات. با یاسا لەسەر هەموان وەک یەک جێبەجێبکرێت نەک تەنها لەسەر رۆژنامەنوس.


AM:11:38:12/09/2014




ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌