ئاسایش یاداشتی لێكترگه‌یشتنی نێوان رۆژنامه‌نوسان‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئیمزا ناكات




ئاسایشی‌ هه‌رێمی كوردستان یاداشتی لێكترگه‌یشتنی نێوان رۆژنامه‌نوسان‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئیمزا ناكات، له‌ كاتێكدا وه‌زاره‌ته‌كانی پێمشه‌گه‌‌و ناوخۆ ده‌یكه‌ن.

هه‌ولێر، ئاوێنه‌نیوز: زیاتر له‌ ساڵێكه‌ رێكخراوی (International Media Support)ی ئه‌وروپی كار ده‌كات بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی یاداشتی لێكترگه‌یشتنی نێوان رۆژنامه‌نوسان‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، ئه‌مڕۆ (پێنج شه‌ممه‌) له‌ دواین كۆنفرانسی یاداشته‌كه‌دا له‌ شاری‌ هه‌ولێر، نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌، ناوخۆ‌و پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان یاداشته‌كه‌یان ئیمزاكرد، به‌ڵام ئاسایشی‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ نه‌بوو ئیمزای‌ له‌سه‌ر بكات.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌، دلۆڤان به‌رواری‌، رێكخه‌ری‌ كۆنفرانسه‌كه‌، به‌ ئاوێنه‌نیوزی راگه‌یاند كه‌ ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ نه‌بووه‌ یادشته‌كه‌ ئیمزا بكات.

ئه‌م یاداشته‌ بۆ رێگریكردنه‌ له‌و پێشێلكاریانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان ده‌كرێت له‌ كاتی روماڵكردنی روداوه‌كاندا، له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی‌ میدیاكانی كوردستانه‌وه‌ پشتگیری‌ لێده‌كرێت.

ئامانجی یاداشته‌كه‌ دروستكردنی تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه‌یه‌ له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ لایه‌ك‌و میدیاكاران‌و سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانیش له‌ لایه‌كی تر، مه‌به‌ستیش لێی‌ پاراستنی رۆژنامه‌نوسان‌و رێزگرتنه‌ له‌ ئازادی‌و پیشه‌كه‌یان.

رێكخراوی پشتیوانی جیهانی راگه‌یاندن (International Media Support) رێكخراوێكی قازانجنه‌ویستی ئه‌وروپیه‌‌و كار بۆ په‌ره‌پێدانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری‌ ده‌كات له‌ جیهاندا‌و له‌ كوردستانیشدا چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی هه‌یه‌.


AM:12:45:19/09/2014




ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌