جیهان: لەمساڵدا 94 رۆژنامەنوس كوژراون
PM:12:46:31/12/2018



میترۆ، ئاوێنه‌ 
لەراگەیەنراوێكیدا یەكێتی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی ئاشكرایدەكات لەمساڵدا 94 رۆژنامەنوس لەجیهاندا كوژراون، باس لەوەش دەكات ئەو رۆژنامەنوسانە لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكانیاندا بە ئەنقەست یاخود لەئەنجامی تەقینەوە‌و تەقەكردنەوە كوژراون.


یەكێتی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی وڵاتی ئەفغانستان بە ترسانكترین شوێن دەزانێت بۆ رۆژنامەنوسان‌و ئاشكرای دەكات لەمساڵدا 16 رۆژنامەنوس لەو وڵاتە كوژراون، هەروەها موڵاتی مەكسیك لەپلەی دوەمی ئەو وڵاتانەدایە كە مەترسیدارن بۆ كاری رۆژنامەوانی‌و 11 رۆژنامەنوسیش لەو وڵاتە كوژراوە.


سوریاش پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەی گرتوە كە مەترسیدارن بۆ رۆژنامەنوسان‌و لەو وڵاتەش 8 رۆژنامەنوس كورژراون، ئاشكراشیدەكات لەساڵی 2018 لە هەریەك لە هندستان، پاكستان، سۆماڵ، ئەمریكا 5 رۆژنامەنوس كوژراوە، لەراپۆرتەكەدا ئاماژە بە كوژرانی جەمال خاشقجی لە وڵاتی توركیا كراوە‌و دەشڵێت "گیانی رۆژنامەنوسان بەردەوام لە مەترسیدایە".