هه‌ولێر: هێرشكرایه‌ سه‌ر تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵی‌ سپێده‌
AM:10:17:02/01/2019
میترۆ
شه‌وی‌ رابردوو له‌كاتی‌ روماڵی‌ ئاسایی‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ شاری‌ هه‌ولێره‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر تیمی‌ رۆژنامه‌وانی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ سپێده‌ و هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تیان به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ن. 

محمه‌د شه‌هاب په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ سپێده‌ رایگه‌یاند: ئه‌مشه‌و له‌ كاتی‌ رووماڵی‌ ئاسایی خۆمان له‌ بازاڕی‌ ئیسكانی‌ شاری‌ هه‌ولێر هێرشكرایه‌ سه‌رمان و كامێرامانه‌كه‌م محمد ره‌ئوف دوای‌ لێدان و ئازاردان پاتری‌ كامێراكه‌یان برد و  هه‌ڕه‌شه‌و سوكایه‌تیان پێكردین .



هاوكات كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ سپێده‌ له‌به‌رامبه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر تیمه‌كه‌یان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ به‌توندی‌ ئیدانه‌ی‌ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن: به‌توندی‌ئه‌م کارە ئیدانە دەکەین و ئەمە پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرییە کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە.

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ سپێده‌: 

لە یەکەم رۆژی ساڵی تازە تیمی سپێدە لە هەولێر کەوتە بەر هێرش و هەڕەشە و پەلاماردانی هێزە ئەمنیەکان.

ئێوارەی ئەمرۆ شارەوانی هەولێڕ بە پاڵپشتی هێزە ئەمنیەکان عەرەبانەی کاسبکارانی بازاڕی ئیسکان لادران و ئەمەش لەلایەن کاسبکارانەوە ناڕەزایی لێکەوتەوە و تیمی سپێدەش کە پێکهاتبوون لە محمد شەهاب پەیامنێر و محمد رەئوف وێنەگر بۆ رووماڵی رووداوەکە گەیشتنە شوێنی مەبەست بۆ گواستنەوە یەکێک لە خەمەکانی هاوڵاتی هەژار کە بڕیارمانداوە دەنگ و ڕەنگی ئەوان بین بەڵام بەداخەوە هەر زوو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە سەرەڕای ڕێگری لێکردن کەوتە بەر هێرش وهەڕەشە و پەلاماردانی هێزە ئەمنیەکان.

ئێمە لە کەناڵی سپێدە بە توندی ئەم کارە ئیدانە دەکەین و ئەمە پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرییە کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە.


هه‌ر دوێنێ‌ شه‌و له‌ میانه‌ی‌ گه‌شتی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ سپێده‌ ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان هه‌ڵوێستی‌ سه‌نته‌ری‌ متیرۆی‌ ده‌ربڕی‌. 

له‌میانه‌ی‌ ئه‌و گه‌شته‌دا رێكخه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ رایگه‌یاند" ئه‌مه‌ په‌یامێكی‌ خراپی‌ ساڵی‌ 2019یه‌، كه‌ پێمان ده‌ڵێت عه‌قڵیه‌تی‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی‌ ده‌موده‌زگای‌ جێبه‌جێكار نه‌گۆڕاوه‌ و وه‌رزێكی‌ نوێی‌ توندوتیژی‌ رومان تێده‌كات".  

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌، په‌یامێكیشه‌ بۆ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، كه‌ په‌یامی‌ ئۆپۆزسیۆنیان داوه‌ ناهێڵن نزیكی‌ ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵك ببنه‌وه‌. 

جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌" پاڵپشتی‌ میدیاكاران و كه‌ناڵی‌ سپێده‌ ده‌كه‌ین، ئه‌و په‌ڕی‌ بێزاری‌ ده‌ده‌بڕین به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلكارییه‌ی‌ كراوه‌".