نەتەوە یەکگرتووەکان: دادگاییکردنەکەی سعودیە بۆ تۆمەتبارانی کوشتنی خاشقچی بەس نییە
AM:11:53:05/01/2019


میترۆ، NRT
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ناتوانرێت هەڵسەنگاندن بکرێت بۆ پاک و بێگەردی ئەو دادگاییکردنەی کە لە ئێستادا لە سعودیە بەڕێوەدەچێت بۆ ئەو کەسانەی کە لە کەیسی کوشتنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشقچییەوە تێوەگلاون.

ڕاڤینا شامداسانی وتەبێژی نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن داواکاری گشتیی سعودیە داوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر پێنج تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی خاشقچی دەکات، ڕایگەیاند، پێویستە بە بەشداریی لایەنی نێودەوڵەتی، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بکرێت لە دۆسیەکە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دادگاییکردنە بە تەنها بەس نییە و ناتوانرێت متمانە بکرێت بە پاکی و بێگەردی ئەو دادگاییەی کە لە ئێستادا لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.

جەختیشیکردووەتەوە، نوسینگەی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە دژی ئەو بڕیارانە بووە کە سەیپاندنی سزای لەسێدارەدانیان تێدابووە.

دوێنێ داواکاری‌ گشتیی سعودیە ڕایگەیاند، یەکەم دانیشتنی‌ تایبەت بە دۆسیەی‌ کوشتنی‌ جەمال خاشقچی‌ بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا داواکراوە پێنج لە تۆمەتبارەکان لەسێدارەبدرێن.

دادگاییکردنەکە لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو، ١١ تۆمەتبار و پارێزەریش لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون.