بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی‌ كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌رده‌كرێت
PM:12:05:05/01/2019


میترۆ، SNN
ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی‌ له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كاندا  هه‌بوو بۆ پێدانی‌ پاره‌ی‌ تایبه‌ت به‌په‌خشی ساڵانه‌یان كۆتاییهات، به‌رپرسێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ڕۆشنبیریش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌م هه‌فته‌یه‌دا ڕێكاره‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن"، ده‌شڵێت:"ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت نوسراومان ئاراسته‌ كردوه‌".

محه‌مه‌د گه‌ردی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ ڕاگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ ڕۆشنبیری به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "ئه‌و واده‌یه‌ی‌ له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كاندا دیاریكرابوو بۆ پێدانی‌ پاره‌ی‌ تایبه‌ت به‌په‌خشتی‌ كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ڕۆژی‌ 1ی 1ی 2019 به‌كۆتاهات".

وتیشی‌:"ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 2ی 1ی 2019 نوسراومان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ڕاگه‌یاندنی پارێزگاكان كردوه‌و چاوه‌ڕوانی ناردنی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بۆمان ڕه‌وانه‌ده‌كرێت و سه‌باره‌ت به‌كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان و ژماره‌یان له‌ته‌واوی پارێزگاكانی هه‌رێمی‌ كوردستاندا".

ئاشكراشیكرد، "ئه‌و كه‌ناڵه‌ ناوخۆییانه‌ش زیاتر له‌70 كه‌ناڵی‌ ناوخۆیی ده‌بن، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی‌ وه‌ڵامی نوسراوه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌و له‌م هه‌فته‌یه‌شدا ڕێكاره‌كان به‌رامبه‌ر به‌و كه‌ناڵه‌ ناوخۆییانه‌ ده‌گیرێنه‌به‌ر كه‌ پێشتر به‌ڵێننامه‌یان پڕكردبۆوه‌ كه‌ پابه‌ند ده‌بن به‌پێدانی‌  پاره‌ی‌ تایبه‌ت به‌په‌خشه‌كانیان".

سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری‌ بڕیاری  وه‌زاره‌ت له‌باره‌ی‌ داخستنی‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ ناوخۆییانه‌, به‌رپرسه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌ت ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، "له‌م هه‌فته‌یه‌دا دوا بڕیار ده‌ده‌ین و ڕێوشوێنه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌گرینه‌به‌ر".