رۆژنامه‌نوسێك: زیاتر له‌ 12 جار كتابی ته‌زویر به‌ناوی منه‌وه‌ دروستكراوه‌
AM:10:11:06/01/2019
میترۆ، سلێمانی
سه‌رنوسه‌ری پێگه‌ی شارپرێس ده‌ڵێت تا ئێستا زیاتر له‌ 12 جار كتابی ته‌زویر به‌ناوی منه‌وه‌ دروستكراوه‌و تۆمه‌تی سه‌یرو سه‌مه‌ر خراوه‌ته‌ پاڵم و هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك تۆمه‌تی حیزبی بوونێكم بۆ خراوه‌ته‌ ناو پارویه‌كی گه‌رم جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ر له‌ یه‌كێتی و پارتی حزبی تریش سه‌رقاڵی ئه‌م كاره‌ن. 

له‌ نوسێنێكیدا له‌ ئه‌كاونتی خۆی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ رۆژنامه‌نوس كه‌مال ره‌ئوف كه‌ بیست ساڵه‌ كاری میدیای ده‌كات و چه‌ند ساڵێك سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی هاولاَتی بووه‌ ده‌نوسێت هه‌ركات "هێرش بكرایه‌ته‌ سه‌رمان، یان به‌ره‌و رووی هه‌ر مه‌ترسیه‌ك بوینایه‌ته‌وه‌، یه‌كسه‌ر گومان ده‌چووه‌ سه‌ر پارتی و یه‌كێتی، به‌ڵام شوكر بۆ خوا، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر شتێك لایه‌نه‌كان له‌یه‌كتر دوور بن، ئه‌وا له‌م په‌لاماردان و دروستكردنی په‌یجی بێ‌ دایك و باوكه‌، تاراده‌ی نه‌مانی جیاوازی له‌یه‌كتر نزیكن"

باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ " ئێستا هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كانی تریش كادرو ئه‌ندامه‌كانیان، خۆیان خه‌ریك كردوه‌ به‌وه‌ی به‌ناوی خوازراوه‌وه‌، په‌لاماری ئه‌م و ئه‌و بده‌ن و خه‌ریكی ناشرینكردنی خه‌ڵك بن تا ناشرینیه‌كانی خۆیان له‌و فه‌زایه‌ بشارنه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا وه‌ك جاران ناتوانین، بڵێن ئه‌وه‌ی رووده‌دات ته‌نها كاری پارتی و یه‌كێتیه‌".

كه‌مال ره‌ئوف جه‌ختده‌كاته‌وه‌ "تا ئێستا زیاتر له‌ 12 جار كتابی ته‌زویر به‌ناوی منه‌وه‌ دروستكراوه‌و تۆمه‌تی سه‌یرو سه‌مه‌ر خراوه‌ته‌ پاڵم و هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك تۆمه‌تی حیزبی بوونێكم بۆ خراوه‌ته‌ ناو پارویه‌كی گه‌رم كه‌به‌ده‌ستی كه‌سانی ترسنۆك و نه‌فس نزم پێچراوه‌ته‌وه‌."

ئه‌و له‌ كۆتایشدا ده‌ڵێت " ده‌شزانم ژیان له‌ناو ژینگه‌یه‌كی ئاوادا چه‌ند قورسه‌، به‌ڵام باش ده‌شزانم ئامانجی ئه‌وان راگرتنی كه‌سانی وه‌ك ئێمه‌یه‌، ئامانجیان پاشه‌كشه‌ پێكردن و داخستنی ئه‌و نوزه‌یه‌شه‌ كه‌ ئێستا له‌و فه‌زا ناشرینه‌ به‌جوانی ماوه‌ته‌وه‌"

بۆ ئه‌وانه‌شی كه‌له‌پشتی ئه‌و هێرش و په‌لاماره‌وه‌ن ده‌ڵێت" ئه‌م كاره‌ ناشرینانه‌ی ئێوه‌ رامان ناگرێت"