‌سەنتەری میترۆ: هه‌ندێک بڕیاری مه‌ده‌نی كه‌وتوەته‌ ده‌ستی عه‌سكه‌ر
AM:10:16:10/01/2019


میترۆ
رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ پێی وایه‌ كه‌ هه‌ندێك بڕیاری كاریگه‌ریی نه‌رینی له‌سه‌ر ناوبانگی پایته‌ختی رۆشنبیری هه‌یه‌‌و داخستنی سینما سالم ده‌چێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ئاماژه‌شه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ بڕیاری مه‌ده‌نی له‌ حوكمڕانی خۆجَیی له‌م شاره‌ به‌ده‌ستی عه‌سكه‌ره‌وه‌یه‌ نه‌ك دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی.  

ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ به‌ وێستگه‌نیوز-ی راگه‌یاند: داخستنی سینما سالم توشی شۆكی نه‌كردوم چونكه‌ ماوه‌یه‌ك هه‌وڵی جدی هه‌یه‌ بۆ داخستنی فه‌زای چالاكی مه‌ده‌نی له‌م شاره‌، وتیشی:" داخستنی سینما سالم ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بڕیار لای عه‌سكه‌ره‌ نه‌ك دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان" .

ره‌حمان غه‌ریب جه‌ختیكرده‌وه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری رێگه‌ی به‌ نمایشی فیلمه‌كه‌ داوه‌ كه‌چی فه‌رمانگه‌یه‌كی ئه‌منی ده‌چێت فیلمه‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات‌ و هۆڵی سینماكه‌یشی پێوه‌ داده‌خات" .

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ وتیشی" ئێستا په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌موو به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ بكه‌یت هه‌موو ده‌ڵێن به‌داخه‌وه‌‌و ئاگامان لێی نییه‌" هه‌ربۆیه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد " ئایا هێزێك هه‌یه‌ له‌سه‌رو یه‌كێتی له‌م شاره‌؟" باسی له‌وه‌شكرد "ده‌بێت یه‌كێتی و وه‌زیری رۆشنبیرییه‌كه‌ی رونكردنه‌وه‌ نا به‌ڵكو هه‌ڵوێستیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ ناشرینكردنی ناوبانگی پایته‌ختی رۆشنبیری ‌و ئه‌م بریاره‌ قبوڵنه‌كه‌ن."

جه‌ختیشیكرده‌وه‌"ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی نمایشی فیلم ده‌ده‌نه‌ ده‌ستی ئاسایش، ئه‌وه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین به‌شی سانسۆری فیلم بڵاوکردنەوەش له‌ ئاسایش بكرێته‌وه‌".

لە ڕاگەیەنراوێکدا سینەما سالمی سلێمانی رایگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (٨\١\٢٠١٩)، هێزێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بێ هەبوونی نووسراوێکی فەڕمی، هاتنە سینەما سالم و دەرگای سینەماکەیان داخست". 

لە راگەیەمنراوەکەدا هاتووە "ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی (١١\١\٢٠١٩)، فیلمێک لە ساڵیادی شەهیدکردنیدا دەربارەی هەڤاڵ ساکینە جانسیز لە سینەماکە نمایش بکرێت".

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە "لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند ڕێگەیەکەیەوە و بێ هەبوونی پاساوێکی ڕاستەوخۆ و نووسراوی فەڕمی، ئاگاداریان دەکردینەوە کە نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت".

راگەیەنراوەکە ئەوەشی تێدا هاتووە "سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە مۆڵەتی فەڕمیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەیە ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادی و قۆرخکردنی فەزای گشتییە ئیرادەی ئێمە ناخات و لە ئاست ڕێگریکردن لە هونەری ڕاستەقینە، بێدەنگ نابین."