پەرلەمان‌و میدیای ئەهلی كۆبوونەوە یوسف محەمەد: لەڕووداوەكانی ئەم دواییەدا میدیای ئەهلی بەرپرسانە‌و نیشتمانییانە مامەڵەیانكرد






بڕیارە پەرلەمانی كوردستان لەڕێگەی پرۆژە یاسایەكەوە حكومەت مولزەمبكات بەهاوكاریكردنی ماددی‌و میدیای ئەهلیش مەرجی هەیە بۆ ئەو هاوكاریكرنە
 
یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی كوردستانی پێداتێدەپەڕێت، قۆناغێكی ڕاگوزەرییە، ‌قۆناغەكەش وایكردووە، هەموو لایەك داوای چاكسازیی بكات، هیوادارین میدیای ئەهلی لەم بوارەدا زیاتر بتوانێت ڕۆڵببینێت‌و بەئەركی راستەقینەی خۆیان هەستن.
 
ئەم وتانەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەمیانی لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بوو لەگەڵ نوێنەرانی میدیای ئەهلی لەكوردستان، كە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 24 ی ئەیلول سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.
 
لەدانیشتنێكدا باس لەتەنگەژەی دارایی میدیای ئەهلی‌و كاریگەریی قەیارانی دارایی هەرێمی كوردستان لەسەر كارەكانیان كرا، ئەمەش وایكردووە كاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر بەردەوامییان، هەر بەو بۆنەیەشەوە داوا لەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرا، بەپڕۆژە یاسایەك بتوانن پشتگیریی بەردەوامی میدیای ئەهلی بكەن، بۆ ئەوەی بەردەوامبن لەكارە ڕۆژنامەوانییەكانیان.
 
سەرۆكی پەرلەمان وتی "هیوادارم پەرلەمان‌و لیژنە تایبەتمەندەكانی بەزووترین كات بەهەماهەنگی نوێنەرانی میدیای ئەهلی لەكوردستان، بتوانین پێكەوە پڕۆژە یاسایەك گەڵاڵە بكەین كە هاوكاری‌و پشتیوانی میدیای ئەهلی بكات بۆ ئەوەی لەداهاتووشدا بەهاوكاریی هەموو لایەك بتوانین بیر لەدامەزراندنی میدیایەكە نیشتمانی كوردی بكەینەوە، ئەمە یەكێكە لەپرۆژەكانمان لەپەرلەمان كاری لەسەر دەكەین".
 
كۆبوونەوەكە بڕیاریدا لەئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوە پراكتیكییەكانی پشتیوانی میدیای ئەهلی دەسپێبكات.
 
لای خۆشییەوە دانا ئەسعەد سەرنووسەری سایتی ئاوێنە نیوز بەشارپرێسی وت: لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كۆدەنگییەك هەبوو بەوەی لەڕێگەی پرۆژەیەكەوە هاوكاری میدیا بكرێت، بەو مەرجەی ئەو پرۆژە زۆر شەفاف بێت‌و لەو رێگەیەوە داهاتی گشتی بەهەردەر نەدرێت‌و ئەوەش وەك پێشمەرجێك ئاماژەی پێكرا.
 
 
 
شارپرێس


AM:07:48:25/09/2014




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌