یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری رووبەرووی رەخنەی توند دەبێتەوە





سەرۆكی‌ لیژنەی‌ رۆشنبیری‌ و راگەیاندنی‌ پەڕلەمانی‌ كوردستان، رایدەگەیەنێت مافی بەدەستهێنانی زانیاری مردوەو تائێستا جێبەجێنەكراوە، دەستەی مافی مرۆڤیش تۆمەتبار دەكات بەجێبەجێنكردنی ئەو یاسایە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ ئەكادیمیای راگەیاندنی ئەڵمانی لە عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵگەریی گشتی ئەڵمانی، لە قاوەخانەی كلتوری شاری سلێمانی سیمینارێك لەبارەی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری  بەئامادەبوونی سەرۆكی‌ لیژنەی‌ رۆشنبیری‌ و راگەیاندنی‌ پەرلەمان و ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران‌و رۆژنامەنوسان بەڕێوەچوو.
 
‌فەرحان جەوهەر سەرۆكی‌ لیژنەی‌ رۆشنبیری‌ و راگەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری كارا نەبووە‌و لەسەر رەفەكان دانراوەو كاری پێ ناكرێت، بۆیە ئەو یاسایە مردوەو كارا نییە، لەبەر ئەوە زۆر جار رۆژنامەنوسانیش دەكەونە هەڵەوە"
 
سەرۆكی‌ لیژنەی‌ رۆشنبیری‌ و راگەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد كە لەخولی رابردوو ئەو یاسایە كە دەرچووە خراوەتە سەر دەستەیی مافی مرۆڤ بۆ جێبەجێ كردنی ، جەختیشی كردەوە كە ئەركی دەستەی مافی مرۆڤ هەرچییەك بێت ئەوان كەمتەرخەمن لەجێ بەجێكردنی یاساكە.
 
بەوتەی سەرۆكی ئەو لیژنەیە دووپاتی كردەوە كە دەبێت ئەو یاسایە كارا بكرێت، ئەوەشی خستەڕوو كە هیچ مەجالێك نەماوە بۆ ئیهمالكردنی یاساكە، بۆیە تەئكیدی كردەوە كە سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت‌و بەوتەی خۆی لێپێچینەوە لەگەڵ كەمتەرخەمان دەكرێت.
 
لەبەشێكی تری قسەكانیشدا ئاشكرای دەكات تائێستا هیچ فەرمانبەرێك بۆ ئەوە تەرخان نەكراوە‌و دانەمەزراوە كە زانیاری بدات بەهاوڵاتیان.
 
لەبەرانبەردا دڵشاد حسێن، ئەندامی‌ خولی‌ پێشوی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، لە سیمینارەكەدا رایگەیاند:" داوامان كرد (90) رۆژ دوای‌ دەرچونی‌ یاساكە بكەوێتە بواری‌ جێبەجێكردنەوە،‌ بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەكەوتوەتە بواری‌ جێبەجێكردنەوە"
 
دڵشاد حسێن ئەوەشی خستەڕوو كەیاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری یاسایەكی‌ گرنگە، چونكە بەوتەی ئەو دزە پێكردنی‌ زانیاری‌ دەگۆڕێت بۆ مافی‌ بەدەست هێنان.
 
داَشاد حسێن وتیشی‌:" نە دەبوو ئەم یاسایە ئاڕاستەی ئەنجومەنی‌ وەزیران بكرایە، چونكە ناكرێت خۆی‌ چاودێری‌ خۆی‌ بكات، كاتێكیش یاساكە دەنگی‌ پێویستی هێنا، ئەوەبو بخرێتە دەستەی‌ مافی‌ مرۆڤ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەكەوتوەتە بواری‌ جێبەجێكردنەوە"
 
لەسیمینارەكەدا باس لەراپۆرتێكی گۆڤاری (شار) كرا كە دەچێتە چوارچێوەی بەدەستهێنانی مافی زانیاری، بڕیاریشە راپۆرتەكە بخرێتە پێشبڕكێیەكی چەندین راپۆرتی تر لەو بوارەدا.



شارپرێس



AM:10:01:28/09/2014




ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌