نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک کرایەوە



میترۆ
نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک دوای ئەوەی دوێنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرا کەمێک ئێستا پێش کرایەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دهۆک ڕایگەیاند، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە ڕێگەدراوە نوسینگەکە  بکرێتەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دهۆک ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا وەک ڕۆژانی ئاسایی کاری ڕۆژنامەگەری خۆیان لە ناو نوسینگەکەدا دەکەن.

ئەمەش لە دوای‌ ئەوەهات دوێنێ نوسینگەی ئێن ئاڕ تیان  لە دهۆک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرا و کارمەندەکانی کەناڵەکەیان بە زۆر ڕەوانەی ماڵەوە کردەوە و کلیلەکانیان بەزۆر لێسەندن.

لە کاردانەوەی‌ ئەم ڕووداوەشدا هەر دوێنێ چیا بیلیزانی بەرپرسی سەنتەری میترۆ لە دهۆک رایگەیاند، ئێن ئاڕ تی تاکە کەناڵ بوو قارەمانانە روماڵی خۆپیشاندانەکەی شێلادزێی  کرد و هەموو خەڵکی ناوچەکە شایەتی لەسەر ئازایەتی ئێن ئاڕ تی دەدەن.

راشیگەیاند، ئەم هەڵمەتەی سەر ئێن ئاڕ تی بۆ ئەوەیە بەرژەوەندی بازرگانی هەندێک لایەن تێک نەچێت و ئێن ئاڕ تی بووەتە قوربانی.

ئاماژەی بەوەشدا، کاریگەری کەناڵەکە لەو ناوچەیەدا وایکردووە رێگری لە کارەکانی بکرێت و کێشەی بۆ دروست بکرێت.

دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ڕایگەیاندبوو ڕێگە نادات بە هیچ کەناڵێک سنوری ئاسایشی هەرێم تێپەڕێنێت، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک نوسینگەی ئێن ئاڕ تییان لە شارەکە داخست.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ناحیەی شێلادزەدا ، ئێن ئاڕتی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕوداوەکانی گواستەوە.


PM:12:05:28/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 1720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌