چیرۆكنووسێكی عێراق به‌هۆی "ره‌خنه‌گرتن له‌ شۆڕشی كاسیه‌ت تیرۆركرا"
PM:01:25:03/02/2019



میترۆ، K24 

ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ شاری كه‌ربه‌لا، ده‌ستڕێژی گوللـه‌یان له‌ "عه‌لا مه‌شزوب" نووسه‌ر و چیرۆكنووس كرد و له‌ نزیك ماڵه‌كه‌ی، تیرۆریان كرد.

وێبسایتی سكای نیوزی عه‌ره‌بی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كاتێك مه‌شزووب به‌ پاسكیله‌كه‌ی خه‌ریكبووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی، له‌ ناوه‌ڕاستی كه‌ربه‌لا، چه‌كداران هێرشیان كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ری و 13 گوللـه‌یان لێداوه‌ و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

دوای رووداوه‌كه‌ی، به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی سكای نیوز، چالاكوانانی عێراق له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان،  نووسراوێكی مه‌شزووبیان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا ره‌خنه‌ی له‌ شۆڕشی ئیسلامی ئێران و خومه‌ینی گرتبوو، كه‌ به‌ شۆڕشی كاسێت ناوده‌برێت.

چالاكوانان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و نووسینه‌ و وتار و ره‌خنه‌ هاوشێوه‌كانی، بوونه‌ته‌ هۆكاری تیرۆركردنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌یلیان بۆ گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران هه‌یه‌.

مه‌شزووب، له‌ ساڵی 1968 له‌دایكبووه‌ و ساڵی 1992-1993 كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدای ته‌واو كردووه‌، هه‌ر له‌ بواره‌كه‌ی خۆیدا له‌ ساڵی 1999 ماسته‌ر و دكتۆراشی له‌ 2014 ته‌واو كردووه‌.

به‌رهه‌مه‌كانی مه‌شزووب بریتین له‌: "جمهوریه‌ الخان، مدن الهلاك – شاهدان، فوچی الوگن، جریمه‌ فی الفیس بوك، ادم سامی – مور).

چالاكوانان پوخته‌ی ره‌خنه‌كه‌ی مه‌شزووبیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ باسی روحوڵڵا خومه‌ینی، رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ ساڵی 1979، كردووه‌ و ده‌ڵێت: "بیرۆكه‌یه‌كی ته‌مومژاویم هه‌بوو له‌ باره‌ی ئه‌و كۆڵانه‌ی خومه‌ینی لێی نیشته‌جێ بوو، كۆڵانێك بوو له‌سه‌ر شه‌قامێكی دوور و درێژ، ئه‌و پیاوه‌ له‌ عێراق له‌نێوان نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا ماوه‌ی سێزده‌ ساڵ مایه‌وه‌، دواتر چووه‌ كوێت، به‌ڵام له‌وێ پێشوازی لێنه‌كرا، بۆیه‌ بڕیاریدا بچێته‌ پاریس، دوای ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی كاسێت و تۆماری ده‌نگی، شۆڕشه‌كه‌ی هه‌نارده‌ی ئێران كرد، كه‌ به‌ (شۆڕشی كاسێت) ناوبراوه‌. دواتر ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت، دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕێكی له‌ دژی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵگیرساند، كه‌ پێشتر میوانداری كردبوو (مه‌به‌ستی عێراقه‌)".