ئیدانەى هێرشکردنە سەر تیمی رۆژنامەوانى ڕووداو دەکەین





سلێمانی، 8ی ئۆکتۆبەرى 2014: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ئیدانەى هێرشکردنە سەر تیمیى ڕۆژنامەوانى کەناڵى ڕووداو دەکات کە لە لایەن ژمارەیەک خۆپیشاندەرەوە لە شارى هەولێر هێرشکرایە سەریان و بریندارکران، داواش لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات ئەنجامدەرانى ئەو کارە ڕووبەڕووى یاسا بکەنەوە.

بەپێى بەیاننامەیەکى تۆڕى میدییاى ڕووداو ڕۆژی ٨-١٠-٢٠١٤ لە شاری هەولێر هەریەکە لە محەممەد عیزەدین، هەژار ئەرگۆشی و زەردەشت خان، کامێرامانان و ریپۆرتەرانی رووداو، لەلایەن گرووپێکەوە لەناو خۆپیشاندانى جەماوەرى شارى هەولێر بۆ پشتگیریکردن لە کۆبانی هێرشیان دەکرێتە سەر و بەوهۆیەشەوە بەسەختی بریندار دەبن.

سەنتەرى میترۆ دەستبەجێ پەیوەندیکرد بە رۆژنامەنوسە بریندارەکانەوە، بەڵام بەهۆى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى و مانەوەیان لەژێر چاودێری پزیشکدا، نەتوانرا لێدوانى ڕۆژنامەنوسەکان وەربگیرێت.

سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى ڕۆژنامەنوسان ئیدانەى هێرشکردنە سەر تیمی کەناڵى ڕووداو دەکات و داواش لە دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمی کوردستان دەکات بکەرانى ئەو هێرشە دەستگیربکەن و لێپرسینەوەى یاساییان لەگەڵ بکرێت.

بەپێى بەیاننامەکەى تۆڕى میدیایی ڕووداو "لەماوەی ڕابردوودا ڕیپۆرتەرەکانی ئەوروپای رووداو بە چەقۆ هەڕەشەیان لێکرا، بەداخەوە ئەمڕۆ هەڕەشەکە لە هەولێر بووە کردەوە. ئەمە یەکەمجار نییە ڕۆژنامەنووسانی ڕووداو دەکەونە بەر هەڕەشە. مانگێک بەر لە ئێستاش هاوکارمان ڕەنگین لە هەولێر هێرشی کرایەسەر. هەروەها هاونیشتمانییەکیش لە پەخشی راستەوخۆی ڕووداودا لەلایەن هەمان گرووپەوە هێرشی کرایەسەر."

سەنتەرى میترۆ ڕایدەگەیەنێت "هاندان بۆ توندوتیژیى و بەکارهێنانى لە لایەن هەر گروپ و لایەنێکەوە دژى ڕۆژنامەنوسان و کەناڵەکانى میدیا رەتدەکەینەوە، دەبێ هەموو لایەن بەر بەم پێشێلکارییانە بگرین کە پێچەوانەى یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە، نابێ لەژێر هیچ پاسا و بەهانەیەکدا توندوتیژیی بەرامبەر بە میدیاکاران ئەنجامبدرێت و نابێ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن ببنە پردی بۆ هاندانى توندوتیژیی."

سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى ڕۆژنامەنوسان، ڕیکخراویکى سەربەخۆى قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵى 2009 لە شارى سلیمانى لە لایەن، کۆمەڵیک ڕۆژنامەنوسء پاریزەرەوە دامەزرینراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی هەریمی کوردستان وەرگرتوە. تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگء ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵى 2010 لە کۆنفرانسیکدا لە شارى هەولیر ئەندامانى بۆردی ڕیکخراوەکە هەڵبژیردران. ساڵانی 2011 و 2012 و 2013 ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسەر ڕەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەریمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە.


PM:07:08:08/10/2014




ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌